ئەڵمانیا بۆ ماوەی ساڵێكی دیكە ماوەی مانەوەی سەربازانی لە عیراق درێژكردەوە

19/09/2019 عێراق

نەوا
ئەڵمانیا بۆماوەی ساڵێكی دیكە ماوەی مانەوەی سەربازانی لە عیراق كە لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە چەكدارانی داعش لەو وڵاتەن درێژكردەوە.
لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەڵمانیادا، ماوەی مانەوەی سەربازانی ئەڵمانیا تا 31ی تشرینی یەكەمی 2020 دریژكرایەوە.
لەبڕیارەكەدا 100 سەرباز لە چاو ژمارەی ساڵی پاردا كەمكراوەتەوەو ژمارەیان دەگەیەنراوەتە 700 سەرباز.
سەربازە ئەڵمانییەكان لە كەمپەكاندا مەشق بە سوپای عیراق و پێشمەرگە دەكەن لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە چەكدارانی داعش.
لەلایەكی دیكەوە ئەنجومەنی وەزیرانی ئەڵمانیا بڕیاریدا كە ماوەی مانەوەی یەكە سەربازیەكانی لە ئوردن كە فڕینی چاودێری بەسەر ئاسمانی سوریادا ئەنجامدەدەن تا 31ئاداری 2020 درێژ بكاتەوە.
ئەڵمانیا نزیكەی سێ هەزار و 500 سەربازی لە مالی، عیراق، ئەفغانستان و سوریادا هەیە.
چاوەڕێدەكرێت ئەو بڕیارانەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دراوە لەلایەن ئەنجومەنی فیدراڵیەوە دەنگی لەسەر بدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group