لە جەژنی جەمای ئێزدی-دا رێوڕەسمی "رۆژی پەری" بەڕێوەچو

پێش 2 هەفتە نەوا

رۆژی پێنجەمی جەژنەكە، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت پێی دەڵێن 'رۆژی پەری'، كە تیایدا حەفت "پەری" بە رەنگی سپی لەناو لالش ئامادە دەكەن و هەر پەرییەك ئاماژەیە بۆ فریشتەیەكی خوا كە لە ئایینی ئێزدییەكان باسكراوە.
جەژنی جەما بە واتای كۆبوونەوە دێت و لە شەشی مانگی تشرینی یەكەم دەستپێدەكات و ماوەی حەفت رۆژ دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا چەند رێوڕەسمێكی تایبەت بەڕێوەدەچێت كە تیایدا پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی لە سەرتاسەری جیهانەوە روو دەكەنە لالش و بەشداری لە رێوڕەسمەكەدا دەكەن.
رێوڕەسمەكانی جەژنی جەما لە ئایینی ئێزدی و باوەڕی ئیزدییەكاندا هاوتای حەجە لە ئایینی ئیسلامدا و هاوشیوەی ئاوی زەمزەم ئێزدییەكان ئاوی كەلۆك لە كانی سپی بە پیرۆز دەزانن.
جەژنی جەما، جەژنی هەرە گرنگی ئێزدییەكانە و جەژنەكە لە لالش بەڕێوەدەچێت و دەبێت بڕیارێكی پێشوەختە لە لایەن ئەنجوومەنی رووحانی هەبێت سەبارەت بە ئەنجامدانی جەژنەكە، چونكە كاتێك بارودۆخی ئێزدییەكان خراپ بێت، ئەم جەژنە بەڕێوەناچێت، لە كاتی پەلاماردانی داعش بۆ شنگال لە ساڵی ٢٠١٤دا، بڕیارێكدرا لە لایەن ئەنجوومەنی رووحانی ئێزدی كە ئەم جەژنە بەڕێوەناچێت و، ئەم بڕیارە ماوەی چوار ساڵ كاری پێكرا و، یەكەم جەژنیش دوای داعش لە ساڵی ٢٠١٨ دا ئەنجامدرا.
لەم جەژنەدا ئەوانەی دەبێت ئامادەبن، هەریەك لە كەسی یەكەمی ئێزدییەكان، میری ئێزدییەكانە بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری ئێزدییەكان، بابی پێش ئیمام كە بەرپرسی سولالەتێكە پێی دەڵێن ئادانییە، قەوال بەهزاد گەورەی قەوالە و هیچ رێورەسمێكی ئایینی بەبێ قەوال ئەنجام نادرێت و دەبێت قەوال ئامادەبێت و لەگەڵ میوزیك بەیتەكانی خۆی پێشكەش بكات، شێخی وەزیر بەرپرسی سولالەی شەمسانی و ئەركی بەجێگەیاندنی فەرزی ئایینییە و بابەشێخ كە پێگەیەكی گرنگی هەیە و لەكاتی كۆبوونەوەكانی ژمارەیەك مامۆستایانی ئایینی كۆدەبنەوە و بابەشێخ بڕیارەكانی خۆی لە رێگای مامۆستایانی ئایینی ئێزدی ئەنجام دەدات.
جەژنی جەما ماوەی حەفت رۆژ دەخایەنێت و تیایدا سەرجەم ئێزدییەكانی بەشداربووی ئەم جەژنە، لە لالش خێوەت هەڵدەدەن و تا كۆتایی رێوڕەسمەكە لەوێ دەمێننەوە و سەرجەم ئەركەكانیش بەپێی پەتی ئەنجام دەدەن و بەشێكیان جلوبەرگی تایبەتی خۆیان دەپۆشن.
رۆژی یەكەم هەریەك لە بابەشێخ، جڤاتی رووحانی ئێزدی، پێش ئیمام، گەورەی قەوالە و مامۆستایانی ئایینی لە لالش ئامادە دەبن و ئێوارەی هەمان رۆژ دەست بە رێوڕەسمی ئایینی دەكەن كە تیایدا هەندێك نزا دەكەن پێی دەڵین 'بەیتی ئێوارە' و پاشان مامۆستایانی ئایینی گۆڤەندێكی ئایینی دەكەن كە پێی دەڵێن سەما.
لە رۆژی دووەمی رێوڕەسمەكەدا، بەیتی سەما دووبارە دەكەنەوە و دواتر رێوڕەسمێك ئەنجام دەدەن كە پێی دەڵێن قنتار، ئەمەش مامۆستایانی ئایینی ئێزدی گەڕێكی ناو لالش دەكەن و تەوافی هەموو مەزارێكی ئایینی لە ناوەوەی لالش دەكەن.
رۆژی یەكەم و دووەم و سێیەم و چوارەم رێوڕەسمی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و رۆژی پێنجەم كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت پێی دەڵێن 'رۆژی پەری'، حەفت "پەری" بە رەنگی سپی لەناو لالش ئامادە دەكەن كە هەر پەرییەك ئاماژەیە بۆ فریشتەیەكی خوا و لە تێكستی ئایینی ئێزدییەكان باسكراوە.
رۆژی شەشەم، رێوڕەسمێكی ئایینی هەیە پێی دەڵێین 'قەباغ'، ئەو رۆژە پێشكەشكردنی گایەكە وەك قوربانی بۆ خوداوەندی رۆژ، بۆ ئەوەی گۆشتەكە ببێت بە زادێكی پیرۆز پێی دەڵێن سمات.
رۆژی حەفتەم پێی دەڵێن 'بەر بەرسواركردن'، ئەو رۆژە تەختێكی دێنن و پێی دەڵێن تەختی پیرۆز، تەختەكە چواردەوری هەمووی ئەلقە ئەڵقەیە و لەیەكتر گرێدەدرێت و یەك شەو پێشتر ئەڵقەكان لەیەكتر گرێ دەدەن و بەیانییەكەی دەیكەنەوە و لە حەوشەی لالش دایدەنێن و پاشان لە ئاوێكی هەڵدەكێشن كە پێی دەڵێن 'كەلۆك' و، دوای ئەوە تەختەكە دەبەنە ژوورەوەی لالش و دایدەنێن و بەجێی دەهێڵن، ئەمەش بەو مانایەی كە رێوڕەسمی جەژنەكە ئەنجامدرا و تەواوی تەختەكانی ساڵانە لەوێ هەڵدەگیرێن.
دوێنێ چوارشەممە لە چوارەم رۆژی بەڕێوەچوونی جەژنی جەما، كۆنسولی توركیا لە هەرێمی كوردستان، هاكان كاراچای سەردانی لالشی كرد و لە لایەن نوێنەری میری ئێزدییەكان و ئەنجوومەنی رووحانی ئێزدییەكان و پیاوانی ئایینی پێشوازی لێكرا و لە میانی سەردانەكەیدا، پیرۆزبایی لە ئێزدییەكان كرد و هیوای باشتربوونی بارودۆخی ئێزدییەكانی خواست.
لالش دەكەوێتە ناو دۆڵێك كە بە زنجیرە چیای بچووك دەورە دراوە لە سنووری پارێزگای دهۆك، ئەو شوێنە لەلایەن پەیڕەوكارانی ئایینی ئێزدییەوە بە شوێنێكی پیرۆز دادەندرێت و، 60 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group