بنەماكانی سزای "زینا"ی داڕشت و خۆیشی لەگەڵ ژنێكدا گیرا!

03/11/2019 هەمەڕەنگ
ئەوكاتەی سزاكە بەسەر موخڵیس-دا جێبەجێدەكرێت

نەوا
پیاوێكی ئیندۆنیسی، كە بەشداری كردوە لە داڕشتنەوەی یاساكانی توندكردنەوەی سزای پەیوەندی سێكسی لە دەرەوەی هاوسەرگیری "زینا"كردن، خۆیشی بە پەیوەندییەكی سێكسییەوە لەگەڵ ژنێكدا دەگیرێت و سزا دەدرێت.
ئەو پیاوە ناوی (موخڵیس بن محەمەد)ە و لە ئەنجومەنی زانایانی هەرێمی ئاچێ كاردەكات و بەهۆی پەیوەندییەكەی لەگەڵ ژنەكدا، 28 قامچی لێدراوە و ژنەكەش 23 داری لێدراوە.
هەرێمی ئاچێ تاكە شوێنی ئیندۆنیسیایە، كە بنەماكانی شەریعەتی ئیسلامی تێدا جێبەجێدەكرێت. هاوشێوەی سزای زینا، هەر كەسێك لەو هەرێمەدا هاوڕەگەزبازی بكات یاخود قومار بكات، ئەوا سزای قامچی لێدان یاخود داركاری بەسەردا دەسەپێنرێت.
لەوبارەیەوە حسێنی وەهاب جێگری سەرۆكی شارەوانی ناوچەكە بۆ كەناڵی بی بی سی وتویەتی "ئەوە شەرعی خودایە، پێویستە داركاری هەر كەسێك بكرێت، ئەگەر سەلمێنرا تاوانبارە، تەنانەت ئەگەر ئەندامی ئەنجومەنی زانایانیش بێت".
بەگوێرەی زانیارییەكان، موخڵیس و ژنەكە لە مانگی ئەیلولی رابردو لەنێو ئۆتۆمبێلێكدا بون پێكەوە و لە نزیك كەناراوێكی گەشتیاری پێكەوە گیراون و پاش وەرگرتنی سزاكەشیان، بڕیاردرا پیاوەكە لە ئەنجومەنی زانایانی ئاچێ دەربكرێت.
موخڵیسی تەمەن 46 ساڵ یەكەم كەسایەتی ئایینیە حوكمی سزای زیناكردنی لە هەرێمی ئاچێ-دا بەسەردابسەپێنرێت لەوكاتەوەی لە ساڵی 2005 شەریعەتی ئیسلام بەسەر موسڵمان و هەڵگرانی ئایینەكانی دیكەدا جێبەجێدەكەن.







 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group