ئێران خستەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی راگەیاند

08/11/2019 جیهان

نەوا
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، سیستەمی بەرگری موشەكی ئەو وڵات فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی لە ئاسمانی بەندەری ماهشەهر لە كەنداو خستوەتەخوارەوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاكانی ئێران بڵاوكراونەتەوە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی سیستەمی بەرگری موشەكی مێرساد فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی نەناسراوی لە ئاسمانی بەندەری ماهشەهر لە باشوری ئەو وڵاتە خستوەتەخوارەوە.
لەو هەواڵەدا ئاماژە بەوەنەكراوە كە ئایا فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكە سەربازی بووە.
لە مانگی تەموزی ئەمساڵیشدا ئێران لە رێگەی سیستەمی بەرگری موشەكی خۆیەوە فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكی لە كەنداو خستبوەخوارەوە، كە كاردانەوەی توندی واشنتۆنی بەدواوەبوو، چوونكە بەرپرسانی ئەمریكا پێیان وابوو لە دەرەوەی كایەی ئاسمانی ئێران ئەو فڕۆكە بێ فڕۆكەوانە كراوەتە ئامانج.
سیستەمی بەرگری موشەكی مێرساد لە رێگەی موشەكی مەودامامناوەندەوە پارێزگاری لە كایەی ئاسمانی ئێران دەكات و شارەزایانی بواری سەربازی پێیان وایە لە رووی سیستەمی هاكی ئەمریكیەوە دروست كراوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group