دابەشكردنی موچەی مانگی 1ی ئەمساڵ دەستپێدەكات

03/05/2020

نەوا
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سبەینێ دووشەممە، موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەكرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە دەرئەنجامی كۆبونەوەی دوێنێی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، كە بڕیاردراوە دەست بە دابەشكردنی موچە بكرێت، لەوچوارچێوەیەدا سبەینێ وەك یەكەم وەزارەت، موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەكرێت.
ئەمە لەكاتێكدا پێشتر سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندبوو، لەم رۆژانەدا زیاتر لە 800 ملیار دینار چۆتە بانكی ناوەندی هەرێم و پارەكەی لوبنانیش گەڕاوەتەوە، بۆیە پرسیار لە هۆكاری دابەشنەكردنی موچە دەكات.
سۆران عومەر، كە ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیە لە پەرلەمانی كوردستان، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك، رەخنە لە دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران دەگرێت و نوسیویەتی "تا مانگ نەكەن بە 60 رۆژ دەست بەدابەشكردنی موچە ناكەن، موچەكەش بە 30 رۆژ دابەشدەكەن، بەم پێیە مانگ دەڕوات بۆ 90 رۆژ".
پەرلەمانتارەكە ئاشكراشیكردووە "بەپێی زانیارییەكان، پارەكەی لوبنانیان گەڕاندوەتەوە! لەم رۆژانەشدا پارەیەكی زۆر چووەتە بانكی ناوەندی هەرێم لە هەولێر، بڕەكەشی زیاترە لە 800 ملیار دینار!"، بۆیە دەپرسێت "پارە هەیە بۆ دابەشی ناكەن؟".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group