هەوڵێكی قاچاخچێتی نێوان موسڵ و هەرێمی كوردستان پوچەڵدەكرێتەوە

24/11/2020 عێراق

نەوا
ئاسایشی نیشتمانیی عیراق ئاشكرایكرد، دەستیان بەسەر 24 بارهەڵگردا گرتوە، كە هەوڵیانداوە پارچە ئاسن لە خۆرئاوای نەینەواوە بە قاچاخ ببەنە هەرێمی كوردستان.
ئاسایشی نیشتمانیی عیراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، لەسەر زانیاری وردی هەواڵگری، مەفرەزەكانیان لە خۆرئاوای نەینەوا توانیویانە دەستبەسەر 24 بارهەڵگری گەورەدا بگرن، كە 340 تۆن پارچە ئاسنیان بە پێَچەوانەی رێنماییەكانەوە باركردبو.
رونیشكراوەتەوە، هەوڵدراوە ئەو ئاسنە بە قاچاخ بگوازنەوە هەرێمی كوردستان، بەڵام شۆفێری بارهەڵگرەكان دەستگیركراون و وتەیان لێوەرگیراوە و دانیان بەوەدا ناوە، كە ویستویانە بە قاچاخ بیبەن و لە هەرێمی كوردستان بیفرۆشن.
ئاسایشی نیشتمانیی عیراق تەئكیدیكردوەتەوە، شۆفێرەكان و ئۆتۆمبێلەكانیان رادەستی لایەنی تایبەتمەند كراون بۆئەوەی بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group