رۆژنامەیەكی ئەمریكی: پۆتین مەترسیدارترین بڕیاری لە ژیانیدا داوە

پێش 2 هەفتە جیهان

نەوا-
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی پێی وایە، بڕیاری ڤلادیمێر پۆتین بۆ بانگهێشت كردنی بەشێكی سوپای یەدەگ بۆ شەڕی ئۆكرانیا، مەترسیدارترین بڕیارە لە ژیانی سیاسی ناوبراودا.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردووە، پۆتین روبەڕوی گەورەترین تاقیكردنەوە بووەتەوە لە ژیانی سیاسیدا، بڕیاری بانگهێشتكردنی بەشێك لە سوپای یەدەگی وڵاتەكەی پێوانەیەكە بۆ قەبارەی زیانەكانی سوپای روسیا لە ئۆكرانیا، لەو هەڵمەتە سەربازییەی كە ماوەی 7 مانگە بەردەوامە.
رونیشكراوەتەوە، بانگهێشتكردنی سوپای یەدەگ ئامانج لێی هۆشداریدانە بە هەندێك لە وڵاتانی خۆرئاوا لەوەی، كە مۆسكۆ سورە لەسەر سەركەوتن لە ئۆكرانیا بەهەر شێوەیەك بێت، هەروەها بڕیارەكە رەزامەندی روسیە نەتەوەییەكانی هەیە كە پۆتین بە شكستهێنان لە ئیدارەدانی جەنگەكە تۆمەتبار دەكەن.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، شارەزایانی روسی ئەوە دەزانن كە بانگهێشتكردنی تەواوی سوپای یەدەگ دەرچەیەك نییە بۆ پۆتین، چونكە ناڕەزایەتییەكی راستەقینە لەو وڵاتە دروست دەكات، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كە تەنها بەشێكی سوپاكە بانگهێشت بكات، شیكەرەوانیش پێیان وایە كە بڕیارەكە مەترسیدارترین و گرنگترین بڕیارە لە ژیانی سیاسی پۆتیندا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group