گرۆسی: هیچ تیشكدانەوەیەكی ئەتۆمی نەچوەتە ناو هەواوە

5 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دڵنیاییدا تائێستا هیچ تیشكدانەوەیەكی ئەتۆمی نەچوەتە ناو هەواوە.
رافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، دەستە نێودەوڵەتییەكانیان تائێستا هیچ گۆڕانكارییەكی تیشكدانەوەیان لە دەرەوەی وێستگە ئەتۆمییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران تۆمار نەكردوە كە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە كراوەتە ئامانج، هەروەها هیچ كاریگەرییەكی ئەو تیشكدانەوانە لەناو ژینگەوە دەرەوەی شوێنە نیشتەجێبوەكان تۆمار نەكراون.
گرۆسی وتیشی: ئاژانسەكەیان بە وردی چاودێری شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەكات، چونكە هەڵكشانی گرژییەكان هەڕەشەیەكی گەورەن لەسەر سەلامەتی ئەتۆمیی و لەسەر ناوچەكە بە گشتی.
گرۆسی باسی لەوەشكرد، دامەزراوەی نەتەنز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران زیان بەر ژێرخانی كارەبایی و بەشی سەرەوەی وێستگەكە بۆ پیتاندنی ئەزمونیی كەوتوە بەبێئەوەی هیچ تیشكدانەوەیەكی كیمیایی دزەبكات و هیچ راپۆرتێكیش نیە ئاماژە بەوە بكات كە زیانی مرۆیی بەهۆی بۆردومانەكەوە هەبوبێت، هەروەها وێستگەی فوردو بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە هەمانشێوە بۆردومانكراوە، بەڵام هیچ زیانێكی بەرنەكەوتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group