نەوا-
بەهۆی قەدەغەكردنی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتییەوە خۆپیشاندان لەكاتماندۆی پایتەختی نیپاڵ سەریهەڵداو هێرشیانكردە سەر بەرپرسانی وڵاتەكەیان.
بەگوێرەی هەواڵی میدیا جیهانییەكان، تائێستا بەهۆی گرژییەكانی ئەو وڵاتەوە 22 كەس كوژراون و زیاتر لە 400ی تریش بریندار بون، هەروەها خۆپیشاندەران هێرشیانكردوەتە سەر وەزیرەكان و ماڵەكانیان سوتاندون كە لەناویاندا ماڵی كییە بی شارما سەرۆك وەزیران و چەندین وزیری تر هەن، ئەم روداوانەش لەكاتێكدان كە لەسەرەتای سەهەڵدانی خۆپیشاندەرانەوە سەرۆك وەزیرانی نیپاڵ دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی راگەیاندوەو لە رێگەی هێلیكۆپتەری سەربازیەوە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێكی نادیار.
هەر بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان، خۆپیشاندەرانی نیپاڵ داوای سەرۆك وەزیرانێكی نوێ دەكەن بەوهۆیەشەوە بینای پەرلەمانی وڵاتەكەیان سوتاندوەو هێرشیان كردوەتە سەر ماڵی بەرپرسەكانیان.
هۆكاری ئەو خۆپیشاندانانە بەهۆی بڕیارێكی حكومەتی نیپاڵەوەیە كە بەبیانوی رێكخستنی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی داویانە هەروەها قەدەغەكردنی چەندین تۆڕی تری جیهانییە كە لەناویاندا فەیسبوك و ئێكس و یوتیوب هەن.