پەرلەمانی عیراق داوایەك لە لایەنە سیاسییەكان دەكات

1 رۆژ پێش ئێستا عێراق

نەوا-
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ناوەڕۆكی كۆبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی لەگەڵ چەند فەرماندەیەكی ئەمنی و سەربازی بڵاوكردەوەو لەبەشێكیدا ئاماژەی بەوە كردوە، پەرلەمان هەمو ئەو هێرشانەی ئیدانە كردوە كە سەروەریی عیراق و شوێنە ئەمنی و سەربازییەكانی دەكەنە ئامانج، هەروەها رەتیشیانكردوەتەوە كە خاك و ئاسمانی عیراق بەكاربهێنرێت بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و رێگە نادەن عیراق پەلكێشی ناو ململانێكان بكرێت.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە، لەكۆبونەوەكەدا پاڵپشتی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان دەكەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سنورەكان و سەروەریی وڵات و پاراستنی نوێنەرایەتی و نێردە دیپلۆماسیەكان كە لەناو خاكی عیراقدا كاردەكەن، هەروەها داواش لە ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتوەكان دەكەن بۆ راگرتنی هێرشەكان و پابەندبون بە یاساو پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راشیگەیاندوە كە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانیان خستوەتە بەردەم هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە جێبەجێكردنی مەرجە دەستورییەكان كە خزمەت بە بەرژەوەندی گەلی عیراق بكات لە سەرویانەوە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، هەروەها لیژنەیەكی پەرلەمانیش پێكدەهێنن بۆ تۆماركردن پێشێلكارییەكان و ئەو شوێنانەی دەكرێنە ئامانج.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group