نەوا-
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سەردانیان بۆ بەغدا تەنها هەوڵێك نەبوە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، بەڵكو دەیانەوێت كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا بەتەواوی چارەسەر بكەن.
وتیشی: بەڵێنیان لە سەرۆك وەزیرانی عیراق و لایەنە سیاسییەكان وەرگرتوە كە بابەتی موچە تێكەڵی هیچ بابەتێكی دیكە نەكرێت هەتا ئەگەر گرفتی بۆچونی ئیداریش هەبێت و لەسەر هەندێك پرس نەگەن بەڕێككەوتن.
مەسرور بارزانی نەشیشاردەوە كە بۆ بابەتی موچە لەگەڵ وەزیری دارایی عیراق قسە كراوە هەرچەندە بۆچونی جیاواز هەیە لەسەرئەوەی كە داهاتە ناوخۆییەكان بە چ شێوازێك بدرێتەوە بەحكومەتی فیدراڵی، لە كابینەی پێشتر 120 ملیار دینار وەكو ئەرك لەسەر حكومەتی هەرێم فەرزكرا، بەڵام ئەمە هیچ بنەمایەكی نەبو تەنیا بابەتێك بو كە بە رێككەوتنێكی زارەكی كرا بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن موچە بنێرن، سەرەڕای ئەم هەمو ئەم كێشەو گرفتانە لەم ماوەیە توانیویانە كەم و زۆر موچەكان بە شێوەیەكی رێك بدەن، ئێستا بەڵێنیان لە سەرۆك وەزیرانی عیراق وەرگرتوە بابەتی موچە تێكەڵ بە گرفتەكانی نێوانیان نەكرێت.