نەوا-
یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی دۆسیەی دكتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەدەوە بڵاوكردەوە.
یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە راگەیندراوێكدا ئاشكرایكرد، لەبەر ئەوەی (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد) ئەندامی ئێمە نیەو، فەرمانبەر بووە لەسەر میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، وەك چوارچێوەی یاسایی مەبەستمان نەبوو هیچ قسەیەك بكەین، لەبەر ئەوەی لێژنەی زانكۆی سلێمانی بۆ كەیسەكە راسپێردرا لێكۆڵینەوەو كاری پێویست بكەن، دواجار لەسەر راپۆرتی لێژنەكە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری خۆی دەركرد.
ئاماژە بەوەشدراوە، لەو سۆنگەوە كە پێگەی مزگەوت و پیشەی مەلایەتی گرنگ و هەستیارەو پێوستی بە پارێزبەندی هەیە و بەلای ئێمەوە جێی بایەخە، لەبەر ئەوە داوا لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی / بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانی دەكەین رێكاری پێویست بگرنە بەرو هەڵوێستی پێویست و پەیوەست وەربگرن.
هەروەها، یەكێتی زانایان، داوا لە هاوڵاتیان و دەزگاكانی راگەیاندن دەكات كە لەم پەنایە هیچ جۆرە سوكایەتیەك بە پیرۆزییەكان و زانایانی ئایینی و مزگەوت و مینبەر نەكەن، چونكە كەس تاوانی كەس هەڵناگرێت و كرداری موسڵمانیش لەسەر ئیسلام حیساب نیە.