كوێستان محەممەد: زیاتر لە 100 هەزار خێزانیش لە خوار هێڵی هەژارییەوەن

20 خولەک پێش ئێستا
نەوا-
كوێستان محەممەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، نزیكەی 30 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بێ مووچەن و زیاتر لە 100 هەزار خێزانیش لە خوار هێڵی هەژارییەوەن.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی 2013ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە تۆماركردنی كەمئەندامان راگیراوە و ئێستا نزیكەی 30 هەزار كەمئەندام تۆمار نەكراون. 
ئاماژەی بەوەشكرد، ناوی زیاتر لە 13 هەزار كەمئەندامیان بە بەڵگەنامەكانیانەوە ئاراستەی بەغدا كردووە بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە.
سەبارەت بە خێزانە هەژارەكان، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی وتی، زیاتر لە 100 هەزار خێزان لە هەرێمی كوردستان لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، و داوایان كردووە 100 هەزار خێزانی هەژار لە بودجەی گشتیی عێراقدا تۆمار بكرێن. 
وتیشی، هەر كاتێك بەغدا رەزامەندی بدات فۆرمی تۆماركردنی خێزانە هەژارەكان بڵاودەكەینەوە،" بەڵام ئاشكرای كرد كە دوو مانگە داوای كاتی چاوپێكەوتنمان لە بەغدا كردووە و تاوەكو ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە.
لە بواری كار و دەستەبەریی كۆمەڵایەتیدا، كوێستان محەممەد باسی لەوە كرد كە ژمارەی كرێكارانی دەستەبەركراو لەم كابینەیەدا "چوار هێندە زیادی كردووە" و گەیشتووەتە 320 هەزار و 959 كرێكار. هەروەها گوتی، "هیچ زیندانییەكی VIP لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان نەماوە،" بەڵام چاكسازییەكان زیاتر لە توانای خۆیان زیندانیان تێدایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group