هێمن میرانی: بەناو كردنی ئۆتۆمبێل بە ئەلیكترۆنی دەكرێت

53 خولەک پێش ئێستا
نەوا-
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی لە هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆسەی نوێی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، بەشێكە لە هەنگاوەكانی بەستانداردكردن و ئەلیكترۆنیكردنی خزمەتگوزارییەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان.
هێمن میران بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، پێشتر پرۆسەی ئەلیكترۆنیكردنی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و دواتر لە پارێزگای دهۆك سیستەمی ساڵیانە خراوەتە كار، روونیشیكردەوە، بەهۆی زۆریی قەرەباڵخیی و ژمارەی مامەڵەكان لە هەولێر، پرۆسەكە پێویستی بە ئامادەكاریی زیاتر بووە.
بەوتەی بەڕێوەبەری دیوانی گشتیی وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا ئامادەكارییەكان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەروەها ئیدارە سەربەخۆكانی زاخۆ، سۆران و راپەڕین لە قۆناخی جێبەجێكردندان، ئەو پرۆسەیە پێویستی بە ژێرخانی پێویست لە رووی باڵەخانە و كەلوپەلی تایبەت و سیستەمی ئەلیكترۆنی هەیە.
وتیشی، ئەمڕۆ پرۆسەكە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر تەنیا لە بەشی بارهەڵگر دەستیپێكردووە، ساڵیانەی نوێ هاوشێوەی مۆڵەتی شۆفێری دەبێتە كارتێكی بچووك و بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەكان لە رووی ئەمنی و كوالێتییەوە دیزاین كراوە.
هێمن میران ئامانجەكانی پرۆسەكەی خستەڕوو و وتی، یەكێك لە ئامانجەكان بریتییە لە كاراكردنی پۆرتالی دیجیتاڵ، كە هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەیەوە بەشێك لە مامەڵەكانی دەرهێنان و تۆماركردن و گۆڕینی خاوەنداریەتی لە ماڵەوە بكەن."
میران جەختی لە پتەوكردنی پرسی خاوەنداریەتی كردەوە و رایگەیاند، لەمەودوا خاوەنداریەتی ئۆتۆمبێل بەهێزتر دەبێت و رێگری لە هەر جۆرە ساختەكارییەك دەكرێت لە گواستنەوەی خاوەنداریەتی ئۆتۆمبێلدا. 
سەبارەت بە كاتی گواستنەوەی خاوەنداریەتی، میران ئاشكرایكرد، بەپێی رێنمایی ساڵی رابردوو، ماوەكە لە 60 رۆژەوە بۆ 90 رۆژ درێژكراوەتەوە.
 هێمن میران داوای لە هاووڵاتییان كرد هەر كەسێك ئۆتۆمبێل لە كەسێكی دیكە دەكڕێت، پابەند بێت بە گواستنەوەی خاوەنداریەتییەكە لە ماوەی دیاریكراوی 90 رۆژدا، بۆ ئەوەی كێشەی یاسایی بۆ دروست نەبێت، بەتایبەت كە پێشتر حاڵەتێك هەبوو 1280 ئۆتۆمبیل بەناوی یەك هاووڵاتی بووە، هاووڵاتییەكەش كۆچی دوایی كردبوو 80 ئۆتۆمبیل بووە میرات، كێشەی میرات بۆ سەدان ئۆتۆمبێل دروست بووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group