رێبەر ئەحمەد: داعشی ئەمڕۆ لە پێش ساڵی 2014 بەهێزترە

2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پانێلێكی دیداری مێری لە شاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، هۆكاری هاتنی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ عێراق لە ساڵی 2014 بۆ پێویستی و داواكارییەكی فەرمیی حكوومەتی فیدراڵی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە، لەسەر ئەو بنەمایەش هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتیی ئەمریكا و بەشداریی چەند وڵاتێكی ئەوروپا پێكهێنرا بۆ ئەوەی پشتیوانیی پێداویستییەكان، ئاسمانی و هەواڵگری پێشكەش بە دامەزراوە ئەمنییەكان بكەن.
رێبەر ئەحمەد رەتیكردەوە مەترسییەكانی داعش كۆتاییان هاتبێت و رایگەیاند، داعشی ئەمڕۆ لە پێش ساڵی 2014 بەهێزترە و هەڕەشەكە هێشتا مەترسیدارە، بیروباوەڕی توندڕۆیی هێشتا لە عێراقدا ماوە و زەمینە بۆ گەڕانەوەیان لەبارە ئەگەر حكوومەتەكان خزمەتگوزارییەكان باشتر نەكەن و رێز لە جیاوازیی پێكهاتەكان نەگرن، جەختیشی كردەوە، ئەم كشانەوەیە بەرپرسیارێتییەكی گەورە دەخاتە ئەستۆی عێراق.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا رێبەر ئەحمەد هۆشداری دا لە پچڕانی ئەو توانایانەی لە رێگەی هاوپەیمانانەوە دەست دامەزراوە ئەمنییەكان دەكەوتن، باسی لەوەشكرد، پێشنیاز هەبوو بۆ حكوومەتی فیدراڵی تاوەكوو رێككەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا واژۆ بكات، بەڵام ئەم بژاردەیە رەچاو نەكرا. 
وەزیری ناوخۆ جەختی لەسەر پێویستیی ئەو رێككەوتنانە كردەوە، رایگەیاند، دۆسیەی ئەمنی لە ناوخۆدا پارچە پارچە ناكرێت و عێراق ناتوانێت لە مامەڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان داببڕێت، بەڵكوو پێویستی بە مەشق، پاڵپشتیی هەواڵگری و پڕچەككردن هەیە و بەدەستهێنانی ئەم شتانە ئاسانتر بوو وەك لە ناچاركردنی هاوپەیمانان بۆ چوونەدەرەوە لە عێراق.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group