ئێران جەخت لە ئامادەیی تەواوی سەربازی و بەرگریی وڵاتەكەی دەكاتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان
نەوا-
محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، دو جەنگی سەپێنراوی ڕابردو بۆ هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی سەلماندیان كە سەردەمی دەستدرێژیكردن بەسەرچوە، لە كاتێكدا ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ستراتیژی سەربازیی وڵاتەكەی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەكی چاوەڕوانكراو بە تەواوی دیاریكردوە.
جەختیشیكردەوە، تۆپ لە گۆڕەپانی واشنتندایە تا ڕێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێكی گەورە لە ناوچەكەدا بكات، بە تایبەتی كە هێزە چەكدارەكانی ئێران گەیشتونەتە بەرزترین ئاستی توانای بەرگری لە گۆڕەپانی جەنگدا و وەڵامێكی ژیرانە و یەكلاكەرەوە دەدەن بە نەیارەكانیان لەمەودوا.
قالیباف ئەوەشیخستەڕو، ئەنجامدانی هەر هەڵەیەكی ستراتیژیی نوێ لەلایەن واشنتنەوە ڕێگە خۆش دەكات بۆ كردنەوەی بەرەیەكی نوێی جەنگ لە ناوچەكەدا، بە شێوەیەك بەرپرسانی كۆشكی سپی توشی گەورەترین كێشە دەبنەوە لە دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ دەربازبون لەو قەیرانە گەورەیەی دروستی دەكەن.
باسی لەوەشكرد، وەڵامی ئێران بۆ هەر هەڵەسەنگاندنێكی نادروستی دوژمن چاوەڕواننەكراو و بێ سنوری جوگرافی دەبێت، هەروەها تەواوی ئەژمار و بنكەكانیان تێكدەشكێنێت، چونكە وڵاتەكەمان لە ئامادەباشیی بەرزدایە بۆ وەڵامدانەوەی هێزەكانی بەرانبەر.