برایان هوك: ئەمەریكا هەوڵی ڕێكەوتنێكی نوێ دەدات لەگەڵ ئێران

10/07/2019 جیهان
برایان هوك نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران

نەوا
برایان هوك نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران بەكەناڵی ئاسمانی جەزیرەی راگەیاند، وڵاتەكەی هەوڵدەدات رێكەوتنێك لەگەڵ ئێراندا ئیمزا بكات كە كۆنگرێسی ئەمەریكا پەسەندیبكات و جێی ڕێكەوتنە ئەتۆمیەكەی ساڵی 2015 بگرێتەوە، كە ساڵی رابردوو دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمەریكا كشایەوە لێی.
ناوبراو راشیگەیاندووە، لەمێژە بەڕێوبەرایەتیەكەی ترامپ دەڵێت: "یەكێك لە كەموكورتیەكانی ڕێكەوتنە ناوەكییەكەی ساڵی 2015 ئەوەیە كە كۆنگرێس بە فەرمی پەسەندی نەكردبوو.
لە هەمانكاتدا ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە دوریشی نەزانیوە كە واشنتۆن سزای نوێ بەسەر تاراندا بسەپێنێت.
نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ ئێران ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتانی كەنداوی عەرەبی ئەگەر یەكبگرن ئەوا دەتوانن زیاتر چالاكبن لەڕوبەڕوبوونەوەی ئێراندا.
ئەو وتانەی نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ ئێران لەكاتێكدایە كە تاران پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرزكردۆتەوە بەرێژەیەك كە نزیكبۆتەوە لە 5%، ئەمەش رۆژ بەرۆژ نیگەرانی و لێدوانی تووندی ئەمەریكا و كۆمەڵی نێودەوڵەتی زیاتر لێدەكەوێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group