نەوا
وتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان وتی، رۆژی پێنج شەممە ئاڵوگۆر لە پۆستی وەزیری دوو وەزارەتدا كرا و هەفتەی داھاتووش سەرجەم وەزیرەكان ئاڵوگۆڕیان پێ دەكرێت.
جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، "ئاڵوگۆڕی وەزیرەكانی كابینەی نوێ لەگەڵ وەزیرەكانی كابینەی پێشوو دەستی پێ كردووە و وەكو ھەنگاوی یەكەمیش رۆژی 11ی تەمموز گۆڕانكاری بە دوو وەزیر كرا و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت، تاوەكو گۆڕانكاری لە سەرجەم وەزارەتەكاندا دەكرێت".
وتیشی: "تاوەكو هەفتەی داھاتوو ئاڵوگۆڕ لە سەرجەم وەزیرەكان دەكرێت و كابینەی نوێ دەست بەكارەكانی دەكات".
دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە 10-7-2019 لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە متمانە بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان درا، رۆژی پێنج شەممە سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان یەكەم دانیشتنی لەگەڵ وەزیرەكانی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەڕێوە برد.