نەوا-
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا داهات و خەرجی حەوت ساڵی وەزارەتەكان جگە لە باج و گومرگی بڵاوكردەوەو ئاشكرایكردوە تێكڕای خەرجییەكانی حكومەت لەو حەوت ساڵەدا زیاتر لە 87 ترلیۆن دینار بوەو تێكڕای داهاتەكانیش زیاتر بوە لە 51 ترلیۆن دینار جگە لە تەمویلی هاتو بۆ موچە لە بەغداوە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەشیكردوە، داهاتی نانەوتی لە فەرمانگەو وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێگیر نییەو مانگانە كۆكردنەوەی داهات گۆڕانكاریی بەسەردادێت، بەو پێیەی هەندێكیان لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی پارە لەنێوان وەزارەتەكانی دیكەو وەزارەتی دارایی و ئابوری دەكرێن و گواستنەوەكان بەشێوەی چەك تەمویل دەكرێن نەك بە پارەی كاش، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی كە 15 بۆ 20٪ی كۆی داهاتی نانەوتی وەزارەتەكان كاش نییەو نابێتە كۆتا نەختینە لەبانكەكاندا، بەڵكو لەڕێگەی مامەڵەی ئاڵوگۆڕكردنەوە دەگوازرێنەوە.