دهۆك.. گەنجێك توشی نەخۆشییەكی نامۆ دەبێت

11/07/2019

نەوا
لەقەزای بەردەڕەشی سەربە پارێزگای دهۆك، گەنجێك تووشی نەخۆشییەكی نامۆ دەبێت و لە بری فرمێسك، خوێن لە چاوی دەڕژێت و بەبێ برینداربوونی سەر، گوێ، لووت و دەمی خوێنی لێ دەچۆڕێت.
مەحمود بەهجەت كە گەنجێكی تەمەن 23 ساڵە و پیشەی كاسبكارە و دانیشتووی گەڕەكی شیوەڕەی قەزای بەردەڕەشی سەربە پارێزگای دهۆكە، ماوەی دوو مانگ دەبێت توشی نەخۆشییەكی نامۆ بووە و رۆژ دوای رۆژ نەخۆشییەكەی لە پەرەسەندندایە.
دایك و باوك و خوشك و برای مەحمود شەو و رۆژ ئێشكگرن و چاودێری دۆخی تەندروستی ئەو ئەندامەی خێزانەكەیان دەكەن، كە لە شەو و رۆژێكدا زیاتر لە جارێك بۆ دووجار خوێن لە چاو، لووت، دەم، گوێ و سەری دەڕژێت، هەندێكجار لەهۆش خۆی دەچێت و جاری واش هەیە هەست بە دەوروبەر دەكات و دەزانێت، كە خانەوادەكەی چەندە پەرۆشی تەندروستی ئەون.
ماوەی دوو مانگە سەرجەم داهاتی ئەو خانەوادەیە بۆچارەسەركردنی نەخۆشییەكەی ئەو گەنجە تەرخانكراوە، ئەوەش تاڕاددەیەك ئەرك و ژیانی خانەوادەكەی قورستر كردوە.
مەحمود بەهجەت بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ  وتویەتی "ماوەی دوو مانگ دەبێت توشی نەخۆشییەك هاتووم، كە خوێن لە چاو و گوێ و سەرم دێت بەبێ ئەوەی هیچ برینداربون و بەركەوتنێك هەبێت، نەك هەر خۆم و خانەوادەكەم تەنانەت پزیشكەكانی پارێزگای دهۆك و نەینەواش سەریانسوڕماوە لە نەخۆشییەكەم، تا ئێستا 50 پشكنینی پزیشكیم ئەنجامداوە، هیچ ئەنجامێك دەرنەكەوتوە و تائێستا ناو و جۆری نەخۆشیەكەشم نازانرێت".
خانەوادەی ئەو گەنجە داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق و وڵاتانی دراوسێ دەكەن چارەسەری بۆ بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group