فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان راگەیەندراوێك بڵاو دەكاتەوە

19/09/2019

نەوا
لە راگەیەندراوێكدا فراكسیۆنی سەوزی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، رۆژی پێنج شەممە ڕێگری لەهەڤاڵ مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كراوە كەویستویەتی سەردانی پایەتەختی ئەو هەرێمە بكات كەئێستا لەژێر مەترسی سڕینەوەدایە، ئەوەش دەپرسێت، سەرۆكی حكومەت بە چ جۆرێك دەیەوێت سەرۆكی حكومەتی هەموو كوردستان، هەر لەزاخۆ تا خانەقین بێت، لەكاتێكدا نەتوانێت بازگەكانی ئەژماركراو لەسەر حزبەكەی خۆی كۆنتڕۆڵ بكات؟

دەقی راگەیاندراوەكە:
لەكاتێكدا، هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكی ڕاگوزەری هەستیاردا تێپەڕدەكات، هەموولایەكمان لەهەوڵی سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی و ئیداری هەرێمداین، بەرپرسانی بازگەی سماقوڵی، كەلەسەر لایەنێكی سیاسی هەژمار دەكرێن، بەبێ گوێدانە ‌یاسا و بنەماكانی ڕێككەوتن و كاری پێكەوەی، ئەمڕۆ ڕێگری لەهەڤاڵ مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكەن، كەویستویەتی سەردانی پایەتەختی ئەو هەرێمە بكات كەئێستا لەژێر مەترسی سڕینەوەدایە.
‎ئەم ڕێگرییە ‌نابەرپرسانەو نا یاساییە، تەواوی یەكڕیزی نیشتیمانی و یەكگرتووی ئیدارەی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە ‌دەخاتە ژێر پرسیار و لەهەیبەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمدەكاتەوەو هێڵەكانی دوو ئیدارەیی و چەند زۆنێتی لە‌كوردستان تۆختر دەكاتەوە.
‎هەروەها ئەم جۆرەڕەفتارە نابەرپرسانە، زەمینەسازی دەكەن بۆ لێكترازان و لەدەستدانی متمانەو لێكەوتەی نەرێنی و چەند بارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوەو نەویستراو و بەكارهێنانی دامەزراوەی حكومی و فەرمی لەیەكلایكردنەوەی ناكۆكییەكان لەسەرتاسەری كوردستان لەداهاتوودا.
‎بازگەكانی هەرێمی كوردستان، شوێنگەی حكومین و پارێزەری ئەمن و ئاسایشی تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی كورستانن، و دەبێت فەرمان لەلایەنە حكومییەكان وەربگرن، نەك لایەنێك یان حزبێك یان كەسێك كەویستی بێت هەژموونی خۆی فەرز بكات بەسەریاندا.
‎هەروەها، لەڕووی یاساییەوە، بازگەكان- بەگوێرەی یاسا كارپێكراوەكان- تەنها لەحاڵەتی نائاسایی و نەخوازراودا مافی پشكنین و ڕاگرتن و دەستگیركردنی هاووڵاتییانییان هەیە، و هەموو ڕەفتا‌رێكی دیكەلەدەرەوەی ئەم چوارچێوەیاساییە، دەچێتەخانەی حزبی نەك دیموكراسییەت.
‎لەهەمان كاتدا، ئێمەپێمان وابوو ئەولەیەتی حكومەتی هەرێم، جگەلە بەهێزكردنی پڕەنسپی حكومی سەرتاسەری تەواوی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی، دانوستانی جیددی و لێبڕاوانەدەبێت بۆ وەدەستهێنانی مافەدەستوورییەكان و شایستە داراییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی لەكوردستان ، نەك ڕێگریكردن لەتێكۆشەرێكی دێرینی گەلەكەمان و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حزبێكی هاوبەش لەحكومەتی هەرێمی كوردستان.
‎لە كۆتایدا دەپرسین، سەرۆكی حكومەت بە چ جۆرێك دەیەوێت سەرۆكی حكومەتی هەموو كوردستان، هەر لەزاخۆ تا خانەقین بێت، لەكاتێكدا نەتوانێت بازگەكانی ئەژماركراو لەسەر حزبەكەی خۆی كۆنتڕۆڵ بكات؟
‎ئەوەی ڕوویداوە، بەڕاستی بەكردەییكردنی زهنیەتی دوو ئیدارەی و دابەشكردنی خاكی هەرێمی كوردستانە بەسەر زۆنی جیاواز و دابەشكردنی خەڵكەكەشیەتی بەسەر بەرەی دۆست و بەرەی نەیار.
          فراكسیۆنی سەوزی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
                        پەرلەمانی كوردستان

                            19-9-2019

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group