رادیۆ نەوا سێ‌ داواكاری هەرێم بەرانبەر رادەستكردنی نەوت ئاشكرا دەكات

19/09/2019
ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان

نەوا
لەرێی رادیۆ نەواوە سێ داواكاری هەرێم بەرانبەر رادەستكردنی نەوت بە حكومەتی عیراق ئاشكرا دەكرێت، كە هەرسێكیشی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە رەتكراونەتەوە.
لەوبارەیەوە ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان لەبەرنامەی "ئاراستە"دا وتی "سەردانەكەی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ هەرێم ئاماژەی ئەوەیە مەترسی راستەقینە لەسەر بودجەو موچەی هەرێم هەیەو دۆخەكە مەترسیدارە، پەیامێكی تریشی ئەوەیە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران روبەڕوی ئیحراجییەكی زۆر بۆتەوە".
وتیشی "حكومەتی هەرێم لەبەرانبەر رادەستكردنی نەوت سێ‌ داواكاری هەبوە، كە ئەوانیش قەرزی كۆمپانیاكان و قەرزی موچەخۆران و پشكی هەرێم لە نەفەقاتی سیادی بوە، بەڵام هەرسێكی لەلایەن بەغداوە رەتكراونەتەوە".
ئەوەشی خستەڕو، كە "ئەگەر رێككەوتن نەكرێت رەنگە قەیرانی دارایی دروستببێتەوە".
هەر لەبەرنامەكەدا، ئەمین بەكر راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و پەرلەمانتاری پێشو سەبارەت بە دانانی خالید شوانی بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی دانوستانی نێوان هەرێم و بەغدا، وتی "دانانی كاك خالید شوانی خۆدزینەوەی سەرۆكی حكومەتە لە بەرپرسیارێتی، چونكە مەلەفەكان گەورەن و كاك خالید ناتوانێت بڕیار لە دۆسێی نەوت و گومرگ و دۆسیەكانی تر بدات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group