پەرلەمانتارێكی پێشوی كورد: كاتی ئەوەیە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق بدرێت بە ژنێك

7 رۆژ پێش ئێستا عێراق

نەوا
رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری پێشووی عیراق دەڵێت "پێویستە حكومەت دان بەوەدا بنێت كە چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگەی عیراقی دواكەوتوە.. ئێستاش كاتی ئەوەیە پۆستی سەرۆكی حكومەت بدرێت بە ژنێك".
رێزان شێخ دلێر لەبەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، كاتی ئەوەیە حكومەت دان بەوەدا بنێت، كە چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگەی عیراقی دواكەوتوە و پلانی ستراتیژی نییە بۆئەوەی مافی هاووڵاتیان بدرێت و لە ژیانێكی شایستەدا بژین.
وتیشی "باشترین بەڵگە بۆ ئەوە خۆپیشاندانەكانە، كە لە زۆربەی ناوچەكانی عیراق دەستیانپێكردوەو داوای مافەكانی خۆیان دەكەن، ئێستاش كاتی ئەوەیە بەخێرایی رێگە بۆ ژنێك خۆش بكرێت پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت بۆئەوەی گۆڕانكاری راستەقینە ئەنجامبدات، چونكە ژن نزیكە لە ترپەی دڵی شەقامی عیراقییەوە".
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو تەئكیدیشیكردوەتەوە، پێویستە ژنێكی عیراقی نیشتمانی سەربەخۆ دیاری بكرێت نەك كەسێك، كە رەنگدانەوەی دەنگی حزبەكەی یان سەرۆكی حزبەكەی بێت، ئەوەش لەپێناو ئەوەی گۆڕانكارییەكی نایاب لەمێژوی عیراقدا بكرێت و داواش لە سەرجەم تاییفە و لایەن و پێكهاتەكان دەكات پشتگیری ئەو داواكاریە بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group