پەكەكە: هەموو ماڵ و كۆڵانێك دەبێتە بەرەی شەڕ

10/10/2019

نەوا
پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" داوا لە كورد و عەرەب و نەتەوەكانی دیكەی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا دەكات بەدەنگ بانگەوازی دەرچون بۆ شەڕ بچن، داواش لە كوردانی پارچەكانی كوردستان و جیهان دەكات چالاكی دژی داگیركاری توركیا بكەن.
كۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی پەكەكە بەیاننامەیەكی لەبارەی هێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە و تیایدا هاتوە "گومانمان نییە گەلانی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا لە كورد و عەرەب و گەلانی دیكە و تەواوی هێزەكانیان وەڵامدانەوەیان دەبێت بۆ بانگەوازی دەرچون بۆ شەڕ، كە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموكراتیك بانگەوازی بۆ كرد، لەو چوارچێوەیەدا ئەركی خۆیان لە پاراستنی مرۆڤایەتی جێبەجێدەكەن".
پەكەكە راشیگەیاندوە "دڵنیاین تەواوی ئەو ژن و پیاوانەی دەتوانن چەك هەڵبگرن دەبنە شەڕكەر، هەموو ماڵێك دەبێتە سەربازگە، هەموو شەقامێك دەبێتە سەنگەر بۆ بەرەنگاربونەوەی فاشیەتی ئاكەپە و مەهەپەی بەربەری. لە یەكەم ساتەوە دیاربوو گەلانی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا و یەپەگە و یەپەژە و هێزەكانی سوریای دیموكراتیك ئەفسانەی پاڵەوانانە لە بەرەنگاریكردن تۆماردەكەن و سەركەوتن بەدەستدەهێنن".
پەكەكە داواشی لە هێزەكانی پاراستنی گەل "هەپەگە" و "یەژا-ستار" كردووە چالاكییەكانیان دژی سوپای توركیا لە باكوری كوردستان زیاتربكەن. هەروەك داوا لە تەواوی گەلی كورد لە پارچەكانی كوردستان و تەواوی جیهان كرد وەڵامدانەوەیان هەبێت بۆ بانگەوازەكە و پشتگیریكردنی بەرگریی رۆژئاوا، هەروەها ئەنجامدانی چالاكی و ناڕەزایەتی دژی داگیركاریی توركیا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group