رێواز فایەق: بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی عێراق پریشكی بۆ هەرێمی كوردستانیش دەبێت

08/11/2019

نەوا
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: خۆپیشاندانەكان كاریگەریی خراپ دەكاتە سەر ژیان و ئاسایشی عێراقییەكان بەگشتی و پڕیشكیشی بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت.
ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ئەلیس وڵبۆڵ جێگری نێردەی تایبەتیی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ كاروباری سیاسی و هەڵبژاردن لە عیراق ڕایگەیاند:"داواكارییەكانی خۆپێشاندەران لە عێراق پەیوەندییان بە كەمیی خزمەتگوزارییەكان و گەندەڵییەوە هەیە لە سێكتەرە جیاوازەكانی حكومەتدا كە تایبەتن بە ژیان و گوزەرانی عێراقییەكان".
رێواز فایەق وتی،"بەردەوامیی خۆپێشاندانەكان كاریگەریی خراپ دەكاتە سەر ژیان و ئاسایشی عێراقییەكان بەگشتی و پڕیشكیشی بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت، هەروەها كار دەكاتە سەر لایەنی ئابوری و ئاسایشی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان لەبەرئەوەی ئەگەری ئاوارەبون و ڕوتێكردنی هاوڵاتییانی باشوریش لە ئارادایە بەهۆی ئەو ناسەقامگیرییەی كە خۆپێشاندان بەدوای خۆیدا هێناویەتی".
سەبارەت بە دوبارە نووسینەوەو هەمواركردنەوەی دەستوری عێڕاقیش، ڕێواز فایەق ڕایگەیاند،"دوبارە نوسینەوەو داڕشتنەوەی دەستور لە كەشێكی ئارام و سەقامگیردا بكرێت باشترە لەوەی لە هەلومەرجێكی تەمومژاوی و ناسەقامگیر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەمانەوێت لە لیژنە دەستورییەكەدا مافی هەرێمی كوردستان و سیستەمی فیدڕاڵی و پەرلەمانی پارێزراوبن، هەروەها پێویستە نەتەوەیەكگرتوەكان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە پاراستنی هەرێمەكان و پێكهاتەكان لەو گۆڕانكارییە دەستورییانەی كە دەكرێن". 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group