كۆمپانیای گۆگڵ 300 ڤیدیۆی دۆناڵد ترامپی سڕیەوە

02/12/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
كۆمپانیای گۆگڵ زیاتر لە 300 ڤیدیۆی پروپاگەندەی سیاسیی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكی سڕیوەتەوە، هۆكارەكەشی بۆ سەرپێچی یاساكانی كۆمپانیاكە گەڕاندوەتەوە.
تۆڕی CBC ئەمریكی ئاشكرایكرد، 300 گرتە ڤیدیۆییەكەی دۆناڵد ترامپ، بە تەواوەتی پروپاگەندەی سیاسین و هۆكاری سڕینەوەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە كۆمپانیاكە رێنادات ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە لە ماڵپەڕەكەیدا بڵاوبكرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی ئەو تۆڕە، سەرەڕای ئەوەی یاسای پروپاگەندەو ریكلامە سیاسییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پێگەكاندا زۆر لە یاساكانی ریكلامە سیاسیەكانی كەناڵەكانی تەلەفزیۆن جیاواز نییە، بەڵام زیاتر زانیاری خراپیان تێدا بڵاودەكرێتەوەو سەرپێچی زیاتریان تێدا دەكرێت، چونكە ئەو پێگانە ناتوانن بەتەواوەتی كۆنترۆڵی بكەن.
هەروەها بەراورد بە كەناڵەكانی تەلەفزیۆن بڵاوكردنەوەی ریكلام لە تۆڕەكانی ئینتەرنێت مەترسی زیاتری هەیە، چونكە لەرێگەیەوە دەتوانرێت چینێكی تایبەت دیاری بكرێت و بكرێنە ئامانج، تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكیش لەوبارەیەوە زۆرترین رەخنەی لەسەرە، بەتایبەتی دوای ئەوەی رەتیكردەوە ریكلامێكی دۆناڵد ترامپ بسڕێتەوە، كە تێیدا زانیاری درۆی لەسەر "جۆ بایدن"ی ركابەری بڵاوكردبوەوە، بەڵام تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەریش ئاشكرایكردوە، كە بڵاوكردنەوەی ریكلام و پروپاگەندەی سیاسی لەسەر تۆڕەكەی قەدەغە دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group