كەركوك.. 45 بۆمب دەستیان بەسەرداگیرا

07/12/2019 عێراق

نەوا
شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەستبەسەرداگرتنی 45 بۆمب و لەناوبردنی ژمارەیەك مۆڵگە و حەشارگەی داعشی لە كەركوك راگەیاند.
لە راگەیەنراوێكدا شانەی راگەیاندنی ئەمنی باسی لەوەكردووە، رۆژی شەممە لە یەكەم رۆژی دەستپێكردنی قۆناغی حەوتەمی ئۆپراسیۆنی ئیرادەی سەركەوتن لە پارێزگای كەركوك، هێزەكانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان گەڕان و پشكنینیان لە 45 گوندی پارێزگاكە ئەنجام داوە.
راشیگەیاندووە، لەو هەڵمەتەدا چوار تونێل و سێ حەشارگەی داعش دۆزراونەتەوە و خاپور كراون.
هەروەك ئاماژەی بەوەشكردووە، دوو داواكراو دەستگیركراون و دەستبەسەر ماتۆرسكیلێكیشدا گیراوە و 45 بۆمبیش دۆزراونەتەوە و لە ناوبراون.
رۆژی شەممە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دەستپێكردنی قۆناغی حەوتەمی ئۆپراسیۆنی ئیرادەی سەركەوتنی لە پارێزگاكانی كەركوك، سەڵاحەدین و دیالە راگەیاند، ئەمەش لە كاتێكدایە ماوەیەكە جموجۆڵی چەكدارانی داعش لە سنوری ئەو پارێزگایانە زیادی كردووە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group