سبەینێ كۆنفرانسی مەڵبەندەكانی یەكێتی دەستپێدەكات

08/12/2019

نەوا
بڕیارە سبەینێ دووشەممە كۆنفرانسی سەرجەم مەڵبەندەكانی یەكێتی لەسەرتاسەری عیراق بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی بەشداربوو بە كۆنگرەی چوارەمی حزبەكە دەستپێبكات.
زوبێر عوسمان جێگری یەكەمی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە میدیای فەرمیی حزبەكەی راگەیاندووە، سبەینێ دووشەممە لە كاتژمێر 8ی بەیانییەوە تا كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ كۆنفرانسی مەڵبەندەكان لە تەواوی عیراق بەڕێوەدەچێت و دەنگدەران بەشێوازێكی زۆر مەدەنییانە دەنگی خۆیان دەدەن.
زوبێر عوسمان، كە هاوكات سەرپەرشتیاری كۆنفرانسی مەڵبەندی یەك-ی سلێمانییە وتی، لە مەڵبەندی سلێمانی لە كۆی 363 كاندید، 73 كاندید كە دەنگی پێویست بەدەستدەهێنن بەشداریی كۆنگرەی چواری یەكێتی دەكەن و 969 دەنگدەریش دەنگدەدەن.
بڕیاربوو دوێنێ كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رێكبخرێت، بەڵام ئەنجومەنی سەركردایەتیی حزبەكە بڕیاریدا كۆنگرەكە بۆ رۆژی 21/12/ 2019 دوابخات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group