پاڵەوانێكی ئۆڵۆمپیی كورد بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیلەدەستدا

24/06/2020 وەرزش

نەوا
محەمەد یاسین پاڵەوانی بەرزكردنەوەی قورسایی بەهۆی توشبونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیلەدەستدا.
لەوبارەیەوە زاگرۆس نانەكەلی رۆژنامەنوسی وەرزشیی لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە، محەمەد یاسین پاش چەند رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەیەكی سوید، ئەمڕۆ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیلەدەستداوە.


لەوبارەیەشەوە زاگرۆس نانەكەلی بۆ رادیۆ نەوا وتی "محەمەد یاسین یاریزانی نێودەوڵەتی و ئۆڵۆمپیی كورد و پێشووی شاری هەولێر و كوردستان و عیراق لەیاری بەرزكردنەوەی قورسایی لەنەخۆشخانەی شاری ئۆریبرۆ-ی سوید لەژێر چاودێریی چڕی پزیشكیدا بوە و ڤایرۆسی كۆرۆنا ژیانی خستبوە مەترسییەوە".
ئەوەشی رونكردەوە، ڤایرۆسەكە كاریگەریی زۆری كردبوەسەر كۆئەندامی هەناسەی و توشی جۆرە بەكتریایەكیش بوە و كێشەی هەناسەدانی بۆ دروستكردبو.


سیڤی پاڵەوانە كوردەكە:
*ناوی تەواو: محەمەد یاسین محەمەد
*ساڵڕۆژی لەدایكبوون: 7-1-1963
*شوێنی لەدایكبوون:  شاری هەولێر
*شوێنی نیشتەجێبوون: شاری ئۆریبرۆ/ سوید
*رەگەزنامەی عیراقی و سویدی هەیە
*ژیانی هاوسەری پێكەوە ناوە و (5) منداڵی هەیە بەناوەكانی زینە و خالید و بەشار و عەبیر و مریەم.
*سەرەتا بەیاری تۆپی پێ چۆتە نێو بواری وەرزشەوە.
*دواتر بەیەكجاری رووی لەیاری بەرزكردنەوەی قورسایی كردووە.
*ساڵانی (1977 تا 1991) یاریزانی یانەكانی هێرش و هەولێر و هەڵبژاردەی عیراق بووە.
*ساڵانی (1977 تا 1991) پاڵەوانی عیراق و وڵاتانی عەرەب لە كێشەكانی (67 و75) كگم بووە.
*ساڵی (1985) لە ژاپۆن و ساڵی (1988) لە چین، بووەتە پاڵەوانی وڵاتانی ئاسیا
*ساڵانی (1979-یۆنان) و (1979-هەنگاریا) و (1980-كەنەدا) و (1981-ئیتاڵیا) و (1982-بەرازیل) و (1983-فەرەِنسا) و (1989-یۆنان) بەشداری پاڵەوانێتی جیهانی كردووە
*ساڵی (1987) لە فیلیپین و لە پاڵەوانێتی وڵاتانی جیهان بەپلەی سێیەم هاتووە.
*ساڵی (1987) هەر لە فیلیپین و لە پاڵەوانێتی وڵاتانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە.
*ساڵانی (1982) لە نیودەلهی-هیندستان و (1986) لە سیئۆل-كۆریای باشوور بەشداری خولی یارییە وەرزشییەكانی وڵاتانی ئاسیا (ئاسیاد)ی كردووە و لەیەكەمیاندا بە پلەی دووەم و لەویتریشیاندا یەكەم بووە.
*ساڵی (1980) لەئۆڵۆمپیادی هاوینەی مۆسكۆ/ لە كێشی 67.5 كیلۆگرام بەشداربووە و لەنێو 20 وەرزشكاری بەشداربوودا، لە خەتف: هەوڵی یەكەم/ (120 كگم) سەركەوتوو، هەوڵی دووەم/ (125 كگم) سەركەوتوو نەبوو، هەوڵی سێیەم/ (125 كگم) سەركەوتوو نەبوو، لە نەتر: هەوڵی یەكەم/ (145 كگم) سەركەوتوو، هەوڵی دووەم/  (155 كگم) سەركەوتوو نەبوو، هەوڵی سێیەم/ (155 كگم) سەركەوتوو نەبوو، كۆی گشتی: پلەی  17ی ریزبەندی گشتی بەكۆكردنەوەی (270) كیلۆگرام.
*ساڵی (1984) لەئۆڵۆمپیادی هاوینەی لوس ئەنجلس/ لەكێشی 75  كیلۆ گرام بەشداربووە و و لەنێو 12 وەرزشكاری بەشداربوودا، لە خەتف: هەوڵی یەكەم/ (140 كگم) سەركەوتوو، هەوڵی دووەم/ (145 كگم) سەركەوتوو نەبوو، هەوڵی سێیەم/ (145 كگم) سەركەوتوو نەبوو، لە نەتر: هەوڵی یەكەم/ (180 كگم) سەركەوتوو، هەوڵی دووەم/  (185 كگم) سەركەوتوو نەبوو، هەوڵی سێیەم/ (185 كگم) سەركەوتوو نەبوو، كۆی گشتی: پلەی  6ی ریزبەندی گشتی بەكۆكردنەوەی (320) كیلۆگرام
*ساڵی 1991 رووی لەهاندەران كردووە و لەوڵاتی سوید گیرساوەتەوە و لەوێش درێژەی بەیارییەكە داوە و توانیویەتی 12 میدالی جۆراوجۆری پلەكانی یەكەم تا سێیەم لەسەر ئاستی سوید و وڵاتانی ئەسكەندەنافیا بباتەوە.
*لەژیانی یاری كردنیدا خاوەنی 42 میدالی رەنگاو رەنگی یاری بەرزكردنەوەی قورساییە (21 زێڕ، 6 زیو، 15 بڕۆنز).


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group