پۆلیسی سلێمانی: ئەو كەسەی لە باخی گشتی خۆی سوتاند كێشەی دارایی هەبوە

30/06/2020

نەوا
نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو كەسەی شەوی رابردو لە باخی گشتی خۆی سوتاند، كێشەی قەرزاری هەبوە و كەسوكارەكەشی پێشبینییان نەكردوە كارێكی لەو جۆرە بكات.
شەوی رابردو پیاوێكی تەمەن 65 ساڵ لەناو باخی گشتی شاری سلێمانی خۆی سوتاند و بەپێی زانیاریەكان 100%ی جەستەی سوتابو، هەربۆیە دواتر لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا. لەوبارەیەشەوە نەقیب سەركەوت ئەحمەد لەلێدوانێكدا بۆ رادیۆ نەوا وتی "ئەو پیاوەی لە باخی گشتی لەرێگەی بەكارهێنانی بەنزینەوە خۆی سوتاند بەهۆی كێشەی داراییەوە بوە و 10 هەزار دۆلار قەرزار بوە، هەروەها قەرزاری چەند كەسێكی دیكەش بوە".
سەبارەت بەوەی ئایا بەهۆی هەژارییەوە خۆی سوتاندوە؟ ئەفسەرەكەی پۆلیسی سلێمانی ئەوەی رەتكردەوە و رایگەیاند، كەلوپەلی ناردوە بۆ بەغدا و دەستی بەسەرداگیراوە، ئەوەش توشی قەرزاری كردوە و پەنای بۆ ئەو كارەی بردوە، پێش ئەوەی گیانیش لەدەستبدات وتەی لێوەرگیراوە و دانیناوە بەو زانیاریانەدا.
ئەوەشی رونكردەوە، كەسوكارەكەی زانیویانە قەرزارە و كێشەی هەیە، بەڵام هەرگیز بیریان لەوە نەكردوەتەوە پەنا بۆ كارێكی لەو جۆرە بدات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group