جوان رۆژبه‌یانی: ئه‌گه‌ر عیراق بۆ هه‌ڵبژاردن فره‌بازنه‌ بێت كورد له‌ كه‌ركوك دوو كورسی به‌ده‌ستده‌هێنێت

پێش 2 هەفتە

نه‌وا
جوان رۆژبه‌یانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند "به‌پێی پاشكۆی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق كه‌ هێشتا په‌سند نه‌كراوه‌، قه‌زا و ناحیه‌كانیش ده‌بنه‌ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌وه‌ش ده‌نگێكی زۆری كورد ده‌فه‌وتێت به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كاندا".
هێشتا ئه‌و پاشكۆیه‌ی یاسای نوێی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن، له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی له‌سه‌ر نه‌دراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تیایدا نوسراوه‌، به‌دڵی كورد نییه‌ و هه‌وڵی گۆڕینی ده‌ده‌ن.
به‌پێی پاشكۆكه‌ و ئه‌و پێشنازانه‌ش، كه‌ لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان كردویانه‌، عیراق ده‌كرێته‌ فره‌بازنه‌ و هه‌ر ناوچه‌یه‌ك ژماره‌ی دانیشتوانی بگاته‌ 100 هه‌زار كه‌س، ده‌كرێته‌ بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه‌ كورد لێی نیگه‌رانه‌ و مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی كورسییه‌كانی لێ ده‌كات به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان.
له‌وباره‌یه‌وه‌ جوان رۆژبه‌یانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ ده‌ڵێت "پاشكۆی ئه‌و یاسایه‌ هێشتا یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، پێشنیاری زۆر كراوه‌ له‌سه‌ر چۆنییه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان و بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن، ئه‌و پێشنیارانه‌ی تائێستا كراون هه‌مووی به‌ زه‌ره‌ری كورد ده‌شكێته‌وه‌ له‌و ناوچانه‌دا، پێشنیاره‌كان هیچیان قابیلی قبوڵكردن نین به‌ لای كورده‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بڕوات، كورد كورسی زۆر زۆر كه‌مده‌هێنێت".
جوان رۆژبه‌یانی ده‌شڵێت "له‌سه‌ر هێڵین هه‌م له‌گه‌ڵ ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی حزبه‌كان هه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق هه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عیراق، كه‌ كورده‌، ئێمه‌ قبوڵمان نییه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پاشكۆی ئه‌و یاسایه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بڕوات و ده‌نگی له‌سه‌ربدرێت، ده‌مانه‌وێت هه‌ر هیچ نه‌بێت هه‌ر پارێزگایه‌ و بازنه‌یه‌كی بۆ دابنرێت بۆیه‌ له‌ گفتوگۆداین له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ و ده‌مانه‌وێت به‌و شێوه‌یه‌ بێت، كه‌ مافی كورد نه‌فه‌وتێت له‌و ناوچانه‌دا".
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان راشیگه‌یاند "به‌پێی ئه‌و پێشنیارانه‌ی تا ئێستا كراو، قه‌زا و ناحیه‌كانیش كراون به‌ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌بێت ده‌نگی كورد زۆر ده‌فه‌وتێت و ژماره‌ی كورسییه‌كانی زۆر كه‌م ده‌بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ داوامان كردووه‌، لانیكه‌م هه‌ر پارێزگایه‌ و بكرێته‌ بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن".
جوان رۆژبه‌یانی ده‌رباره‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی زۆرترین مه‌ترسییان له‌سه‌ره‌ وتی "ناوچه‌ی شنگال، كه‌ سه‌ربه‌ پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌ مه‌ترسی زۆری له‌سه‌ره‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ هاووڵاتی هه‌ر تێدا نه‌ماوه‌، پارێزگای كه‌ركوك مه‌ترسییه‌كی زۆری له‌سه‌ره‌ به‌هه‌مان شێوه‌، ناوچه‌كانی دیكه‌ش كه‌ هێشتا دۆخیان ئاسایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ی هێشتا دۆخی ئاواره‌كان یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش بابه‌تێكی دیكه‌یه‌".
جوان رۆژبه‌یانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وتوشیه‌تی "ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشنیارانه‌ی ئه‌وان كردوویانه‌ له‌و یاسایه‌ جێگیربكرێت، كورد كورسی زۆر له‌ده‌ستده‌دات، كورسی زۆر دیاریكراو بۆ كورد داده‌نرێت وایلێدێت له‌ پارێزگایه‌ك كورد شه‌ڕ له‌سه‌ر دوو بۆ سێ كورسی بكات، ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ بڕوات به‌پێی خه‌مڵاندنی خۆم له‌وانه‌یه‌ كورد له‌ كه‌ركوك له‌ دوو كورسی زیاتر نه‌بات، ئینجا بۆ پارێزگایه‌كی گه‌وره‌ ئه‌ی له‌ پارێزگا و ناوچه‌یه‌كی بچوكتر ده‌بێت چه‌ند كورسی به‌ربكه‌وێت".
جوان رۆژبه‌یانی ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی هێزه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كانیش وتی "یه‌كڕیزیی كورد له‌ هه‌موو كاتێكدا گرنگه‌ له‌و ناوچانه‌، یه‌كده‌نگی كورد به‌هێزی پێگه‌ی كورد پیشانده‌دات، وای لێ ده‌كات كه‌ زیاتر قورسایی هه‌بێت و حسابی بۆ بكرێت، له‌ ئاستی گشتیشدا واده‌كات كه‌ ئه‌و پێشنیازانه‌ نه‌سه‌پێندرێت به‌سه‌ریدا و ئه‌وه‌ی كورد ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ جێگیربكرێت له‌ یاساكه‌دا".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group