بۆچی پەرلەمانتارانی كوردستان لە دانیشتنەكانی پەرلەمان دوادەكەون؟

16/09/2020

نەوا
عەبدولستار مەجید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "كێشەی هەرە گەورەی خەڵك ئێستا موچە و ژیان و گوزەرانە، پێموایە پەرلەمان پێش هەر شتێك دەبوو باسی ئەم بابەتانەی بكردایە، ئەوكات پەرلەمانتارانیش گەرموگوڕتر دەبون".
دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانتارانی تۆمەتباركرد بە دواكەوتن لە دانیشتنەكانی پەرلەمان و ئامادەنەبونیان لە كاتی دیاریكراودا، عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش، كارنامەی دانیشتنەكان بەهۆكاری سەرەكی كێشەكە دەزانێت. عەبدولستار مەجید لەوبارەیەوە بە ئاژانسی ئەنادۆڵی وتوە "هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەكاندا بەرنامەی كاری كۆبونەوەكانە، ئەو بەرنامەیەی دادەنرێت ئەگەر پەیوەندی بە خەڵك و ژیان و گوزارەنی خەڵك و كێشەكانیان و موچە و داهاتەوە هەبێت، ئەگەر پەیوەندی هەبێت بە خزمەتگوزارییە ئاسایی و یاساییەكان، كە خەڵك پێویستی پێیەتی و حكومەت وەڵامیان نادەنەوە و جێبەجێی ناكات، پێموایە ئەگەر ئەم بابەتانە بابەتی بەرنامەی كاربن یان لانیكەم لە هەر كۆبوونەوەیەكدا بابەتێك، كە پەیوەندی بەژیانی خەڵكەوە هەیە بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە، پێموایە پەرلەمانتاران بەگەرموگوڕتر و گڕوتینێكی زیاتر بەشداری دانیشتنەكان دەكەن".
هەروەها هۆكاری دووەمیشی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "ئەوانیش ئەندامێكی ئەم دامەزراوەیەن بۆ خۆیانی لێ بەدەر دەگرن، رەخنە لە خەڵك دەگرن، بەڵام لەخۆیانی ناگرن، خەڵك عەیبار دەكەن، بەڵام عەیبی خۆیان نابینن، هەمان ئەو شتەیە كە لە كوردەواریدا دەڵێت 'پوشكە لە چاوی خەڵكدا دەبینن بەڵام گاسن لە چاوی خۆیاندا نابینن'، زۆرجار وابووە ئێمە پەرلەمانتاران ژمارەی ئاسایی بۆ دەستپێكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادەبووە، بەڵام نیو سەعات و سەعاتێك ئەوان دواكەوتون و سەرۆكایەتی پەرلەمان نەهاتوون، هۆكاری سێیەم بەڵێ پەرلەمانتاران خۆیانن، جاری وا هەبووە زەنگی دانیشتنی پەرلەمان لێدراوە، بەڵام پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنەكانی خۆیان كۆبونەوەیان هەبوە یان دواكەوتون و لە باڵەخانەی پەرلەمان نەبون، بەڵێ بەشێكی دەكەوێتە سەر پەرلەمانتاران".
دەربارەی چارەسەری ئەو گرفتەیش، عەبدولستار مەجید وتویەتی "پێموایە شێوازی بەڕێوەبردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كاریگەری خۆی هەیە بۆ ئەم بابەتە، دەكرێت هەندێك رێكار بگیرێتەبەر، كۆبونەوە لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان ئەنجام بدرێت و رێكارێكی باشتر بگیرێتەبەر، كە چۆن كۆبوونەوەكان دوانەكەوێت، شتێكی دیكەش هەیە كە بەڕاستی ئەوكاتەی دیارییان كردووە كاتێكی مردووە كاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ، خەڵك عادەتەن بەیانیان گەرموگوڕتر و چالاكترە توانای زیاتری هەیە و دەكرێت كۆبونەوەكانیش بخرێتە ئەو كاتە".
هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رەخنە لە كارنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمان و دەڵێت "پێموایە كێشەی هەرە گەورەی خەڵك ئێستا موچە و ژیان و گوزەرانە، پێموایە پەرلەمان پێش هەر شتێك دەبوو باسی ئەم بابەتانەی بكردایە، بۆ نمونە پرۆژەیاسای بودجە لە ساڵی 2014ەوە كە ئێستا بەرەو 2021 دەڕۆین تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەیاسای بودجەی نەهێناوەتە پەرلەمان كە پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، بۆچی پەرلەمان ئەمە ناكاتە بابەتێكی گرنگ و چەند كۆبونەوەیەكی لەسەر بكات تاوەكو حكومەت ناچاردەكات ئەگەر دینارێكیشی هەبێت وەك پرۆژەیاسای بودجە بینێرێتە پەرلەمان بۆ پەسندكردنی، ئێستا حكومەت بەپێی چ یاسایەك پارە خەرج دەكات و بە چ بڕیارێك موچە دەبڕێت و بە چ یاسایەك كاردەكات كوا بنەما یاساییەكانی، نۆ ملیار دینار بۆ ئاكرێ و 10 ملیار بۆ دهۆك و 10 ملیار بۆ هەڵەبجە و ئەمانە چۆن و بەپێی چ یاسایەك، كە دەڵێن بودجە نییە ئەی باشە كەواتە ئەم پارانە لە كوێ خەرج دەكرێت، ئەی ئەو موچەیەی دەدرێت لە كوێ دێت ئەی ئەو پارەیەی لە عیراقەوە دێت نابێت بزانین چی لێ دەكەن و چۆن خەرج دەكرێت، ئەمانە هەمووی پەیوەندی بەخەڵكەوە هەیە كاتێك ئەمانە رێكخرا و پەرلەمان توانی ئەمانە رێكبخات دڵنیاییدا بە خەڵك كە باسی كێشەكانی دەكات ئەو كات پەرلەمان شكۆی بۆ دەگەڕێتەوە و پەرلەمانتاریش گەرموگوڕتر دەبێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group