كۆتا زانیارییەكان لەسەر گواستنەوە مباپێ‌ بۆ ریاڵ مەدرید

22/09/2020 وەرزش

نەوا
رۆژنامەیەكی فەرەنسی ئاشكرایكردوە، پاریس سانجێرمانی فەرەنسی كیلیان مباپێ‌ بەرانبەر 180 ملیۆن یورۆ دەفرۆشێت و یانەكانی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی و لیڤەرپوڵی ئینگلیزی نزیكترینن بۆ كڕینی.
رۆژنامەی "لیكیپ"ی فەرەنسی كۆتا پێشهاتەكانی جێهێشتنی یانەی پاریس سانجێرمان لەلایەن كیلیان مباپێ‌ ئەستێرەی فەرەنسییەوە ئاشكرا دەكات و لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەستێرە لاوەكە رەتیدەكاتەوە گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس نوێبكاتەوە، یانەكەش ناچارە بیفرۆشێت، چونكە رۆیشتنی یاریزانەكە بێ‌ بەرانبەر زیانێكی گەورەیە بۆی.
ئەوەش هاتوە، یانە فەرەنسیەكە مباپێ‌ بەرانبەر 180 ملیۆن یورۆ دەفرۆشێت ئەوەش هەمان ئەو نرخەیە، كە لە ساڵی 2017دا كڕیویەتی، یانەكانی ریاڵ مەدرید و لیڤەرپوڵیش نزیكترینن بۆ گواستنەوەی ئەستێرە فەرەنسییەكە.
بەپێی زانیاریەكانی  "لیكیپ"، یانەی لیڤەرپوڵ دەیەوێت هێڵی هێرشبردنی نوێبكاتەوە بە فرۆشتنی محەمەد سەڵاح یاخود سادیۆ مانێ‌ یاخود هەردووكیان، بۆئەوەش گرێبەستی لەگەڵ "دییگۆ گۆتا"ی یانەی ووڵڤەرهامپتۆن واژۆ كرد، كە ئەو یاریزانە دەتوانێت لە یاریگادا چەند رۆڵێك بگێڕێت.
تەئكیدیشكراوەتەوە، لەو دوو یانەیەدا ریاڵ مەدرید نزیكترینە ئەوەش بەهۆی خۆشەویستی یاریزانەكە بۆ مەدرید، هەروەها زەینەدین زێدانی راهێنەر و فلۆرەنتیۆ پێرێسی سەرۆكی یانەكەش پەیوەندییەكی پتەویان بە خێزانی مباپێ-وە هەیە.
ئەوەش ئاشكراكراوە، یانەی بەرشەلۆنە لەگەڵ مباپێ‌ گرێبەست ناكات، چونكە هەر هەوڵێك بۆ ئەوە دەرگای ریاڵ مەدرید بەسەر ئەو یاریزانەدا دادەخرێت و مباپێش نایەوێت كارێكی لەو جۆرە بكات، هەروەها روناكاتە یانەی مانچستەر سیتیش ئەوەش بەهۆی كێشەی سیاسی نێوان ئیمارات و قەتەر، كە هەریەك لەو وڵاتانە خاوەنی یەكێك لەو یانانەن، روشناكاتە یانەی بایەرن میونشنی ئەڵمانی، چونكە ئەو یانەیە ناتوانێت موچەكەی بۆ دابین بكات، كە دەگاتە 30 ملیۆن یورۆی ساڵانە، یوڤانتۆس و ئینتەریش لەوانەیە بتوانن گرێبەستی لەگەڵدا بكەن، بەڵام مەرجی مباپێ‌ ئەوە دەبێت موچەیەكی زۆری بدەنێ‌ و دوای چەند ساڵێك رێگەی بدەن بچێتە ریاڵا مەدرید.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group