رۆناڵدۆی بەڕازیلی: ناوهێنانم بە رۆناڵدۆ ئەسڵیەكە بێزارم دەكات

27/09/2020 وەرزش

نەوا
رۆناڵدۆی بەڕازیلی و ئەستێرەی پێشوی یانەكانی بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدرید دەڵێت "ناوهێنانم بە رۆناڵدۆ ئەسڵییەكە بێزارم دەكات". لە هەمانكاتدا ستایشی كریستیانۆ رۆناڵدی پورتوگالی دەكات و دەڵێت "باشترینە".
رۆناڵدۆی تەمەن 44 ساڵ لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە، جێی بێزارییە، كە بە رۆناڵدۆ ئەسڵییەكە ناوی بهێنرێت، چونكە پێیوایە ناكرێت بەراورد لەنێوان ئەو و كریستیانۆ رۆناڵدۆدا بكرێت، دەشڵێت "ئەو "كریستیانۆ" یەكێكە لە باشترین یاریزانەكانی مێژووی تۆپی پێ وەك لیۆنێل مێسی".
دەزگاكانی راگەیاندن بۆ جیاكردنەوەی "رۆناڵدۆی بەڕازیلی و "كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی" كە هەردووكیان بە رۆناڵدۆ ناسراون، ئەستێرەكەی پێشوی هەڵبژاردەی بەڕازیل بە "رۆناڵدۆ ئەسڵییەكە" یاخود "رۆناڵدۆ قەڵەوەكە" ناودەهێنن و كریستیانۆ رۆناڵدۆش بە "رۆناڵدۆی ریاڵ مەدرید" ناودەبەن، ناوبراو لەو بارەشەوە دەڵێت "ناوهێنانی كریستیانۆ بە "رۆناڵدۆی ریاڵ مەدرید" جێی بێزارییە، چونكە ناوبانگی ئەستێرە پورتوگالییەكە نابێت بە یەك یانەوە ببەسترێتەوە تەنها بۆئەوەی بناسرێتەوە".
رۆناڵدۆی بەڕازیلی لە تەمەنی 20 ساڵیدا و لە ساڵی 1996 خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بەدەستهێناوە، ساڵی دوای ئەوەش هەمان نازناوی بەدەستهێنایەوە، بەڵام لەساڵی 1998 لە پلەی دووەمدا بوو ئەوەش بەهۆی ئەوەی توشی پێكان هات و نەیتوانی بەشێوەیەكی كارا لە جامی جیهانی بەشداری بكات، بەتایبەتی كە پێش یاری كۆتایی نەخۆش كەوت و لە یارییەكەدا رۆڵێكی كارای نەبوو.
دواتر لەساڵی 2002دا سەركردایەتی هەڵبژاردنی بەڕازیلی كرد بۆ بردنەوەی جامی جیهانی و یەكێك بوو لە یاریزانە دیارەكانی جیهان و بەپێی بۆچونی شارەزایان ئەگەر پێكان نەبوایە بەتایبەتی لە ئەژنۆیدا، ئەوا مێژویەكی پرشنگدارتری دەبوو.
هەرچی كریستیانۆ رۆناڵدۆیە، دوانیویەتی 5 جار خولی یانە پاڵەوانی ئەوروپا ببات و 5 خەڵاتی باڵۆندۆریش بەدەستبهێنێت، هەروەها دەیان دەستكەوت و نازناوی لەسەر ئاستی ئەو یانانەی یاری بۆكردون و هەڵبژاردەكەی بەدەستهێناوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group