پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی هۆشداری بۆ هاوڵاتیان بڵاوکردەوە

29/10/2020

نه‌وا
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، کۆرۆنا ڕێگای ژیان و هەناسەو خوێنی لە ملیۆنان کەس گرتوە و له‌ په‌یامێكدا بۆ هاوڵاتیان ده‌شڵێت: "تکایە بە بەستنی ماسکێک تەندروستیی خۆت و خەڵک و ژیان و بژێویی و کارو کەسابەت و بازاڕ بپارێزن، ژیانی ئێوە، لە سزادانی هەر سەرپێچیکەرێک، بەهادارترو بەنرخترە".

 هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکی هۆشداریدا كه‌ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ فه‌یسبوك بڵاویكردۆته‌وه‌، ده‌ڵێت: "بەرێزان، رۆژانەو شەوانە، بە بەردەوامیی هەمومان لەبەردەم هەڕەشەی مەرگێکی راستەقینەدا وەستاوین، هەمومان شایەتی مەرگی دەیان و سەدان ئازیزمانین، ماڵ و کۆڵان و کوچەو گەڕەک و شەقام و شارو وڵات و گەردون، ڕەنگی مەرگیان گرتوە، کۆرۆنا ڕێگای ژیان و هەناسەو خوێنی لە ملیۆنان کەس گرتوە".
ئاماژەی بەوەشکردوه‌، "تا ئەمڕۆ جگە لە خواپاراستنمان، تاکە چارەسەر خۆپارێزییە، بەستنی ماسکێک لە شوێنە داخراوەکان و پاراستنی دوریی نێوانمان لە شوێنە کراوەکاندا، جگە لەوەی دەبێتە پاراستنی خۆمان و دەوروبەرو خۆشەویستانمان، یارمەتیدەریش دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی تر چڕیی و زۆریی توشبوان و لێشاوی شاڵاوی پەتاکە ناچارمان نەکەن دەست بە کۆرەنتینەو قەدەغەی تەواوی هاتوچۆو داخستنی هەمو شوێنەکان بکەینەوە".
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەشڵێت، "تکایە بە بەستنی ماسکێک تەندروستیی خۆت و خەڵک و ژیان و بژێویی و کارو کەسابەت و بازاڕ بپارێزن، رێکارەکان بۆ هاندانی ئێوەی بەڕێزن بۆ خۆپارێزیی، نەک بۆ سزادان، ژیانی ئێوە، لە سزادانی هەر سەرپێچیکەرێک، بەهادارترو بەنرخترە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group