سكۆتلەندا.. جارێكی تر بابەتی ریفراندۆم دەكەوێتەوە بەرباس

09/05/2021 جیهان

نەوا-
لایەنگرانی سەربەخۆیی سكۆتلەندا سەركەوتنی بەرچاویان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بەدەستهێنا و بەو هۆیەوە جارێكی تر قسە و باسەكان لە بارەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بۆ جیابوونەوە لە بەریتانیا گەرمتر بوون.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سكۆتلەندا لە كۆی 129 كورسی پەرلەمان پارتی نەتەوەیی بە سەرۆكایەتی نیكۆلا سترۆژێن سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكە 64 كورسی بەدەستهێناوە و بە پشتیوانی پارتی سەوزەكان كە ئەوانیش لەگەڵ سەربەخۆییدان دەتوانن حكومەت پێكبهێنن.
سەرۆك وەزیرانی سكۆتلەندا دوای راگەیاندنی سەركەوتنەكە جارێكی تر جەختی لە چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان لە پێناو بەڕێوەچوونەوەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كردەوە.
لەبەرامبەردا بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، دژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سكۆتلاندایە و هەر نەوەیەك تەنها یەك جار مافی بەڕێوەبردنی ریفراندۆمی هەیە.
ساڵی 2014 ریفراندۆم لە سكۆتلەندا بەڕێوەچوو، كە تیایدا زۆرینەی دانیشتوانەكەی دەنگیان بە مانەوە لەگەڵ بەریتانیادا.
دوای هاتنەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا جارێكی تر خواستی سەربەخۆیی خوازی لە سكۆتلەندا هەڵكشایەوە، بەو پێیەی زۆرینەی دانیشتوانەكەی لەگەڵ مانەوە لە یەكێتی ئەوروپادان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group