گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی ئەمریكا و عێراق بە بەشداری شاندی هەرێم بەڕێوەچوو

25/07/2021 نەوا

نەوا
بەرپرسانی ھەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە شاندی عێراقی بەشدارییان لە چوارەمین گەڕی دیالۆگی ستراتیجیی ئەمریكا و عێراق كرد كە لە واشنتۆن پایتەختی ئەمریكا بەڕێوەچوو، سەرۆكی شاندیش هەرێمیش دەڵێت: دوایین گەڕی دیالۆگەكە چارەنوسسازە بۆ عێراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا، فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان، بەشداربووە لە كۆبوونەوە دووقۆڵییەكانی نێوان فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئانتۆنی بڵینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا.
فەوزی حریری، كە سەرۆكایەتی شاندی ھەرێمی كوردستان دەكات، رایگەیاندووە "دوایین گەڕی دیالۆگی ستراتیژی، چارەنووسسازە بۆ ئایندەی عێراق. لە رێی پێكەوە كاركردن، دەتوانین رێگە بگرین لە سەرھەڵدانەوەی تیرۆریزم".
دیالۆگی ستراتیژی ئەمریكی عێراقی، ساڵی رابردوو دەستی پێكرد لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، و لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆكی ئێستای ئەمریكاش بەردەوام بووە.
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەموو گەڕەكاندا ئامادە و بەشدار بووە لە تاوتوێیەكانی قووڵكردنەوە و بەرفراوانكردنی پەیوەندییەكان.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، عەمید روكن ھەژار ئیسماعیل راوێژكار لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە، بەشداربوو لە ئاخاوتنەكانی بواری ئاسایش لە پێنتاگۆن، كە یاریدەدەری وەزیری بەرگریی، مارا كارلن سەرۆكایەتی دەكرد، و بۆ ماوەیەكی كەمیش وەزیری بەرگریی، ڵۆید ئوستن بەشدار بوو. ھەردوو لایەن جەختیان كردەوە لە بایەخی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لە بواری ئاسایش، و پابەندێتیی ھاوبەشی ھەردوولا لە شەڕی دژی داعش، و پێداویستبوونی پشتگیریی ئەمریكا و ھاوپەیمانان لە ھێزەكانی ئاسایشی عێراق، لەناویشیدا ھێزی پێشمەرگە. ھەروەھا باسی هاوبەشی و ھاوكاریی ئاسایشی نێوان ئەمریكا و عێراق و بوارەكانی ھاوكاریی، تاوتوێ كران.
گرووپەكانی دیكەی كار لە دیالۆگە ستراتیژییەكە، رۆژی ھەینی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە كۆبوونەوە. هەریەك لە فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و لاوك ئەحمەد بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئەمریكا، بەشدارییان لە تاوتوێیەكان كرد و باسی چەند بابەتێكیان كرد وەك كاروباری سیاسی و مافەكانی مرۆڤ و بابەتەكانی سیاسی و مافەكانی، ھەڵبژاردنەكان لە عێراق، تەندروستی، وزە، كەش و هەوا و خوێندنی باڵا.
ھەروەھا باسی ھاوكاریی ئەمریكایان كرد بۆ عێراق و ھەرێمی كوردستان، بۆ نموونە، ئەمریكا بری 155 ملیۆن دۆلار وەك ھاوكاریی دیكەی مرۆیی پێشكەش دەكات.
ئەگەرچی ئەمە دوایین گەڕی دایەلۆگی ستراتیژی بوو، بەڵام گرووپەكانی كار بەردەوام دەبن لە كۆبوونەوە و جێبەجێكردنی ھەنگاوی جۆراوجۆری ئەو بابەتانەی تاوتوێ كران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group