وەزارەتی شارەوانی: 22 پڕۆژە لە شارۆچكەكانی دەوروبەری هەولێر جێبەجێ دەكرێن

22/09/2021

نەوا-
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، بە بەهای زیاتر لە 500 ملیۆن دینار، 22 پڕۆژە لە شارۆچكەكانی دەوروبەری هەولێر جێبەجێ دەكرێن.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاماژەی بەوەكردووە: "لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی شارەوانییەكان، 22 پڕۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری لە شارۆچكەكانی دەوروبەری هەولێر جێبەجێ دەكرێن، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بڕیاری خەرجكردنی زیاتر لە 537 ملیۆن دیناری بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان داوە".
ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەو شارۆچكانەی لەو گوژمەیە سوودمەند دەبن، سەرجەمیان كەوتوونەتە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، ئەوانیش بریتین لە: قوشتەپەی نوێ، كانی قڕژاڵە، بنەسڵاوە، شەمامك، خەلیفان، سفەیە، ئاشتی، تەقتەق، بەحركە، بالیسان، نۆژەنكردنەوەی بینای شارەوانیی ڕزگاری، دارەتوو، خەبات، كەسنەزان، ناحیەی هیران، مەلا ئۆمەر، شەقڵاوە، باسرمە و سكتان.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ڕوونیش كراوەتەوە، پڕۆژەكان لە سێكتەرەكانی دروستكردنی شەقام، كۆنكرێتكردن، شۆستە و كربستۆن، گەیاندنی خزمەتگوزاری، تێكەڵەڕێژكردن، چاككردنی شەقام، دروستكردنی دیواری ڕاگر، دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی، نۆژەنكردنەوەی بینا و ڕێكخستنەوەی شەقام و چەندین سێكتەری دیكەی خزمەتگوزارین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group