مەسعود بارزانی: پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت

18/03/2023

نەوا-
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە سەڵاحەدین كۆبۆوە.
لە كۆبونەوەكەدا بارزانی رایگەیاند، سەبارەت بە  بارودۆخی سیاسی و پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرفەتێكی باش لە ئارادایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئیرادەو خواستێكیش دەبیندرێت بۆ ئەوەی كێشەكان بە لێكتێگەیشتن و بە دەستور و هەروەها لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنانە چارەسەر بكرێن كە لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بەستراوە.
جەختیشیكردۆتەوە، بۆ ئەوەی شەرعیەت لە هەرێمی كوردستان نەخرێتە ژێر پرسیار پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت، هەروەها هاوكاری و هەماهەنگییەكی باش لەنێوان تیمە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم هەیە بۆ ئەوەی ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكرێت، ناشبێت هیچ دەستوەردانێك لە مافی پێكهاتەكاندا بكرێت.
باسی لەوەشكرد، دەبێت رێز لە ئیرادەی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بگیرێت، خودی پێكهاتەكان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەر سیستەمێك بۆ بەشداریكردنی پێكهاتەكان بە باش بزانن بەلای ئێمەشەوە پەسەند دەبێت.






شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group