دەزگای ئاسایش: موڵكی زیادەڕۆی ئەو تۆمەتبارەی سەرانەی دەسەند دەڕوخێنرێت

12/02/2024
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەكی سەبارەت بە كەیسی تەقەكردن لە سەرمایەدارێكی سلێمانی بڵاوكردەوە.
لەبەشێكی رونكردنەوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا هاتوە، شەوی  29 لەسەر 30ـی 1ـی 2024 لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم (یانەی كۆمەڵایەتی سلێمانی) تەقە لەسەرمایەدارێك كراو بریندار بو، دوای رەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوە بەدواداچون و لێكۆڵینەوەی وردی هێزەكان دەستیپێكرد، سەرەنجام تۆمەتباری سەرەكی و تەقەكەر دەستگیر كرا، ‏‎دوای لێكۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بە تاوانەكەیدا ناو دەركەوت تۆمەتبارێكی دیكە هاوكاری كردوە كە هاوپیشەیەتی و هەردوكیان پێشمەرگەن و بەبڕیاری تۆمەتبارێكی تر تاوانەكەیان كردوە.
‏‎ دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاماژەشیكردوە كە رۆژی 5-2  تۆمەتباری دوەم كە هاوكاری كردوە دەستگیر كراوەو ئێستاش فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەو تۆمەتبارەش دەركراوە كە بڕیاری تاوانەكەیان داوە كێشەكەشی لەسەر داواكردنی سەرانەو پارەوەرگرتن و هەڕەشەبوە لەسەرمایەدارێكی سلێمانی .
ئاسایشی هەرێمی كوردستان رونیشیكردۆتەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریداوە دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوەو نەگوزارەوەی تۆمەتباری سەرەكی و روخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی كە بە زیادەڕۆیی كردویەتیە سەر موڵكی گشتی.
دەقی رونكردنەوەكە:-
"رونكردنەوەیەك لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە 
پاش ئەوەی كاتژمێر 12:10 خولەكی شەوی  29 لەسەر 30ـی 1ـی 2024، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم (یانەی كۆمەڵایەتی سلێمانی) تەقە لە هاوڵاتی "ئەحمەد كامیل فەقێ" سەرمایەدار كرا و بەهۆیەوە برینداركرا، دوای ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە، بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ووردی هێزەكانمان دەستپێكرد، سەرئەنجام لە رۆژی  30ـی 1ـی 2024، بەپێی مادەی  405  - 31ـی یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباری سەرەكی و تەقەكەر "ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی" دەستگیركرا.
‏‎دوای لێكۆڵینەوە تۆمەتبار  دانی بە تاوانەكەیدا ناو و دەركەوت تۆمەتبارێكی دیكە  بە ناوی (ئومێد كەمال) هاوكاری كردووە كە هاوپیشەیەتی و هەردووكیان پێشمەرگەن لەلای ( دێرین  ئەحمەد  محەمەد) ناسراوە بە (كوێخا دێرین)، بە بڕیاری ناوبراو تاوانەكەیان كردووە.
‏‎پاشان رۆژی 5ـی 2ـی 2024، تۆمەتبار ئومێد كەمال كە هاوكاری كردووە دەستگیركرا.
‏‎ئێستا، كوێخا دێرین فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە  بە پێی مادەی 405  - 31ـی   لە یاسای سزادانی  عیراقی كێشەكەشی لەسەر داواكردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەبووە  لە سەرمایەدارێكی سلێمانی .
هەر لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریدا دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار دێرین  ئەحمەد و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی  كە بە زیادەڕۆیی كرابوونە سەر موڵكی گشتی."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group