قوباد تاڵەبانی: ئامانجمان دەستەبەركردنی رەزامەندی خەڵكە

25/02/2024

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانوبەرەی دوی لە سلێمانی كردو رایگەیاند: رەزامەندی هاوڵاتیان لە ئەدای فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكان لەچۆنیەتی راپەڕاندنی كاروبارەكان، گرنگترین پێوەرە بۆ سەركەوتویی ئەو فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییە.
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم راشیگەیاندوە، بەشێوەیەكی لەناكاو سەردانی فەرمانگەی تاپۆی دوی سلێمانیم كرد، گوێم لە بۆچونی هاوڵاتیان گرت لەبارەی ئەدای فەرمانگەكەوە، هەروەها گفتوگۆم لەگەڵ فەرمانبەران و بەڕێوبەری فەرمانگەكە كرد، خۆشحاڵ بوم كە بینیم كاروبارەكان بەشێوەیەكی رێكخراو و رێكوپێك بەڕێوەدەچن و هەوڵ هەیە بۆ بەرەوپێشچونی زیاتریش لەمبارەیەوە.
 قوباد تاڵەبانی راشیگەیاندوە، بە بەردەوامی ئەم جۆرە سەردانانە بۆ فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكانی دیكەش دەكەین، تا هەم لە زمانی فەرمانبەرانەوە گوێمان لە داواكاری و كەموكوڕییەكان بێت و هەم بۆچونی هاوڵاتیانیش وەربگرین، ئامانجی ئێمەش دەستەبەركردنی رەزامەندی خەڵكە، هەربۆیەش كۆمەڵێك رێوشوێنمان گرتوەتەبەر بۆ كەمكردنەوەی رۆتین و ئاسانكاریكردن بۆ راپەڕاندنی كاروبارو مامەڵەی هاوڵاتیان، لەوانەش پڕۆژەی خزمەتمان راگەیاندوە بۆ بەدوداداچونی بەردەوام و ئاگاداربون لە ئاستی رەزامەندیی هاوڵاتی لە ئەدای فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group