بازرگانان دڵنیایی دەدەن بە هاوڵاتیان لە هەبونی هەمو پێداویستی و كاڵایەك

16 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كۆبونەوەیەكی لەگەڵ بازرگانان ئەنجامدا بۆ دڵنیابون لەبەردەوامی پێداویستییەكانی هاوڵاتیان.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی ژوری بازرگانی سلێمانی، نەوزاد غەفور سەرۆكی ژوری بازرگانی پێشوازیكردوە لە شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگارو نوێنەرانی عەلوەی سلێمانی و نوێنەری بەنزینخانەكانی سلێمانی و ژمارەیەك بازرگانی هاوردەكردنی كاڵاو خۆراك.
راشگەیەنراوە، لە كۆبونەوەیەكدا بازرگانان دڵنیاییانداوە لە هەبونی پێداویستی تەواو لەناو كۆگاكاندا و بەردەوامی هاوردەكردنی كاڵاو نەبونی هیچ مەترسییەك لەسەر رەوشی بازرگانی.
لای خۆیەوە سەرۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی رایگەیاندوە: بازرگانان دڵنیاییانداوەتە هاوڵاتیان كە هەمو پێداویستییەكان بەشێوەیەكی بەردەوام لە بازاڕدا بەردەستن و هیچ كێشەیەك لەڕێگەی هاوردەكردندا نیە.
لەلایەن خۆشەوە شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی وتویەتی: سلێمانی بە بازرگان و سەرمایەداری نیشتمانی ناسراوەو لە هەمو قەیرانەكاندا پشتیوانی هاووڵاییانیانكردوە، ئامادەشن بۆ پشتگیریكردن لە كەرتی تایبەت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group