ئێران بەنامەیەكی نوێ داواكارییەك ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایش دەكات

7 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
نوێنەری هەمیشەیی كۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاند، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردوە دەستدرێژییەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەركۆنە بكات.
ئەمیر سەعید ئیروانی نوێنەری هەمیشەیی كۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەكگرتوەكان لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئاماژەی بەوەدا: نامەیەكی نوێیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە تیایدا داوایان لێكردون ئەو دەستدرێژیانەی كە سوپای زایۆنی بۆ سەر وڵاتەكەیان ئەنجامیدەدات سەركۆنە بكات.
راشیگەیاندوە، حكومەتی ئیسرائیل هێرشی نایاسایی و هەڕەمەكی ئەنجامدەدات و ژێرخانی مەدەنی لە ئێران دەكاتە ئامانج كە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆری مەدەنی كوژراون، هەروەها ژمارەیەك خانو و نەخۆشخانەش خاپور كراون، ئێرانیش مافی خۆیەتی دژ بە هێرش و دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بەرگریی لەخۆی بكات.
نوێنەری هەمیشەیی كۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەكگرتوەكان وتیشی: ئیسرائیل ناتوانێت ئەو هێرشانە بۆ سەر ئێران ئەنجامبدات ئەگەر لەلایەن ئەمریكاوە لەڕوی سەربازیی، هەواڵگریی و سیاسیەوە پاڵپشتی نەكرێت، بۆیە ئەمریكا بەرپرسیارێتی ئەم كارە نایاساییە لە ئەستۆ دەگرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group