لیژنەی ئەمنی هەڵەبجە چەند بڕیارێكی بۆ ئۆتۆمبێلی بێسەرەتاو ماتۆڕسكیل دەركرد

18 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
لیژنەی ئەمنی لەپارێزگای هەڵەبجە كۆبوەوەو چەندین بڕیاریان دەركرد كە بەشێكیان تایبەتبون بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتاو ماتۆڕسكیلەكان.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەڵەبجە بڕیاریداوە لیژنەیەكی ئەمنی هەمیشەیی تایبەت بەجێبەجێكردنی بڕیارەكان لەسەرجەم لایەنە ئەمنیەكانی پارێزگاكە دروستبكرێت، هەروەها سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا پێویستە ئەو شوفێرانەی تائێستا ناساندنیان نەكردوە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزور بەشی جموجوڵ لەماوەی هەفتەیەكدا سەردان بكەن و ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكانیان بناسێنن و پابەندی رێنماییەكانی هاتوچۆبن.
جەختیشیكردوەتەوە، ئۆتۆمبێلی جام رەش و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێسەرەتان و جامیان رەشە بەهیچ شێوەیەك رێگەیان پێنادرێت و لیژنەی ئەمنی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكات، هەروەها ماتۆڕسكیلەكانیش بەتایبەت ئەوانەی كاری دلیڤەری دەكەن خاوەن كارەكانیان ئاگادار دەكەنەوە لە شەقامی سەرەكیدا بەهیچ شێوەیەك رێگەپێدراو نییە ماتۆڕسكیلەكانیان پارك بكەن پێویستە بخرێتە گەراجی تایبەتەوە.
لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەڵەبجە باسی لەوەشكردوە، ئۆتۆمبێلی بێسەرەتاو ماتۆڕسكیل رێگەپێدراو نین بچنە ناو سەنتەری شارو شوێنە گشتییەكان و ناوچە گەشتیارییەكان، پێویستە پابەندبن بەبڕیارەكانی لیژنەی ئەمنییەوە بەپێچەوانەوە لێپێچینەوەو سزای پابەند نەبون دەیانگرێتەوە.
 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group