وەزیری ئەوقاف بۆ مامۆستایانی ئایینی: ئامانجی بەغدا لاوازكردنی قەوارەی هەرێمە

8 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەڵێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداری ئەو پێشێلكارییانەیە كە بەغدا بۆ كوردستانی دروستكردوە.
لە راگەیەنراوێكدا ئاماژە بەوەكراوە، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف لەگەڵ بەشێكی وتارخوێنانی هەولێرو دەوروبەری كۆبوەتەوەو تیشكی خستوەتەسەر  گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو ئەو ستەمانەی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق بەرامبەر خەڵكی كوردستان گرتویەتیەبەر. 
لە بەشێكیدا وەزیری ئەوقاف وتویەتی: ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداری ئەو پێشێلكارییانەیە كە بەغدا بۆ كوردستانی دروستكردوە، ئامانجیشیان ئەوەیە قەوارەی دەستوری هەرێم لاواز بكەن و مێژو و خەباتی میللـەت نادیدەبكەن، بۆیە ئەگەر جاران بەكوشتن و وێرانكاری بو ئەمڕۆ لەڕێی بڕینی بژێوی و نانی خەڵكی كوردستان و برسیكردنی راستەوخۆوە ئازاری یەكبەیەكی خەڵكی كوردستان دەدەن، ئامانجی ستەمكارانیش تەسلیم بونە بەئیرادەی ئەوان و تێكدانی ئاداب و كلتورو تەنانەت بەلادابردنی سیومبولە پیرۆزەكانی ئایینی و نیشتمانییە كە ئەمیش هەرگیز رونادات.
پشتیوان سادق لە مامۆستایانی ئایینی راگەیاندوە كە ئەوان لەئاستی بەرپرسیاریەتی دۆخەكەدان پێویستە خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتمان و ئاو و ژینگەكەی لەئاستێكی باڵادا بێت، ئەو مافەی لەخەڵكی كوردستان داگیركراوە بەپێكەوەیی و گیانی تەبایی بیپارێزن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group