نەوا-
سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا رەشنوسێكی نوێ ئامادەكراوە.
سروە عەبدولواحید سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عیراق لە پرێس كۆنفراسێكدا رایگەیاند، چەندین زانیاریان سەبارەت بە گفتوگۆكانی شاندی دانوستانكاری هەرێم و بەغدا بەدەستهێناوەو ئامانجی پرێس كۆنفرانسەكەشیان ئاشكراكردنی ئەو گفتوگۆیانەیە.
وتیشی: بەپێی راپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان 42 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی پێویستە، بەڵام ئێستا هەرێم داوای بڕێكی زۆر زیاتر دەكات، بەغداش پێشنیاریكردوە لقێكی بەرهەمە نەوتییەكان لەهەولێر بكاتەوەو نەوت و بەنزین بەنرخی حكومی وەك سەرتاسەری عیراقی لێبكات ئەگەر نەوتیان رادەست بكرێت، بەڵام هەرێمی كوردستان رازی نییە.
سروە عەبدولواحید وتیشی: زۆرینەی كۆمپانیاكانی بەهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان رازین بەداواكارییەكانی بەغدا، هەروەها بەغدا داوایكردوە هەرێم موچەی فەرمانبەران تەوتین بكات.
سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عیراق راشیگەیاند، ئێستا پێشنیارێكی تر ئامادەكراوە ئەگەر هەردو سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەغدا واژۆی لەسەر بكەن و لەئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رۆژی سێشەممەی داهاتو دەنگی لەسەر بدرێت، ئەوكات دەستدەكرێتەوە بە هەناردەكردنەوەی نەوت و دەستبەجێ موچەیەك دەنێردرێت، دواتر هی مانگەكانی تریش رەوانە دەكرێت.