نەوا-
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە، هەركات پێویست بكات دەینێرن بۆ بەغدا.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەت بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەمەبەستی گەیاندنی هاوخەمی گیانلەدەستدانی دوو هاوڵاتی بەهۆی ئاگركەوتنەوەكەی چەند رۆژی رابردو سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كردو پاشان لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، بەهەمو شێوەیەك پاڵپشتی هەڵەبجەو پارێزگارەكەی دەكەن.
لەبەشێكی تردا سەبارەت بە موچەو كۆبونەوەی شاندنی هەرێم لە بەغدا پێشەوا هەورامانی رایگەیاند، شاندی هەرێم لە بەغدا كۆبونەوەیەكی یەكلاكەرەوە دەكەن، 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەیە هەركات پێویست بكات و داوا بكرێت لەوادەی خۆیدا دەنێردرێت.
لەلایەن خۆشیەوە نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بە وەكالەت رایگەیاند، دەربارەی كارەبای 24 كاتژمێریی داواكارییەكیان لەلایەن دانیشتوانەوە پێشكەشكراوە، ر پڕۆژەی روناكی پڕۆژەیەكی نیشتمانی و زۆر گرنگە بۆ هەمو كوردستان، بەڵام بەهۆی بارودۆخی دارایی خەڵكی ناوچەكە داواكارییەكیان ئامادەكردوەو رادەستی نوێنەری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی دەكەن، هیوادارن بارودۆخی دارایی و سروشتی ناوچەكەو ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە لەبەرچاو بگیرێت بۆ ئەو بابەتەو بە وەڵامێكی ئەرێنی وەڵامی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە بدرێتەوە.
نوخشە ناسیح وتیشی: دوای سێ رۆژ بە هاوكاری تیمەكانی ئاگركوژێنەوە، بەرگری شارستانی و هاووڵاتی خۆبەخشی ناوچەكە، توانرا ئاگرەكەی سنوری هەڵەبجە كۆنترۆڵ بكرێت، بەڵام بەپێی خەمڵاندنی سەرەتایی زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم زەوی سوتاوە.