لەپێنجوێن و شارباژێر زیاتر لە 320 دۆنم پوش و پاوان سوتان

8 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەهۆی ئاگركەوتنەوەوە لەهەردو قەزای پێنجوێن و شارباژێر زیاتر لە 320 دۆنم پوش و پاوان و دارستان سوتان.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویكردوەتەوە، ئاگرێكی فراوان سنوری ناحیەی گەرمك و گوندەكانی شایەن و میشاوی  گرتەوەو بوەهۆی سوتانی زیاتر لە 300 دۆنم پوش و پاوان و دارستان، دوای هەوڵێكی زۆریش توانراوە ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكرێت، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانیش سەرچاوەی ئاگرەكە لەسنوری وڵاتی ئێرانەوە بوەو دواتر تەشەنەی سەندوە بۆ سنوری ناحیەی گەرمك.
لەلایەكی ترەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی راشیگەیاندوە، لەسنوری گوندی بەزەڕو ئاگرێك كەوتەوەو دەستبەجێ مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستانی ماوەت دەرچون بۆ شوێنی دیاریكراو لە ئەنجامدا توانیان بە هاوكاری ئاگركوژێنەوەی قەزای ماوەت و خەڵكی سنورەكە ئاگرەكە بكوژێنەوەو كۆنترۆڵی بكەن، بەهۆی ئاگرەكەشەوە نزیكەی 20 دۆنم پوش و پاوان و دارستان سوتان و هۆكاری ئاگرەكەش نادیارە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group