نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دوو تۆمەتباری دەستگیر كرد كە بەناوی وەرگرتنەوەی پارەوە دزیانكردوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردوەتەوە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد لەدژی دووكەس كە چونەتە دوكانەكەی بەناوی كڕینی شتومەك و وەرگرتنەوەی زیادەی پارەوە بڕی دو هەزار دۆلاریان لە سكاڵاكار دزیبو، لەسەر بڕیاری دادوەر هەستان بە لێكۆڵینەوەو بەدواداچون بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران و دەستگیركردنیان دوای ئەوەی تۆمەتباران چوبونە شارێكی تری هەرێم.
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندوە، دوای لێكۆڵینەوەكان و بەدواداچونەكانی پۆلیس توانرا تۆمەتباران لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی رزگارییەوە دەستگیر بكرێن و تۆمەتبارانیش هاوسەری یەكترن و خەڵكی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن، بەبڕیاری دادوەر راگیراون و دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا .