كەشناسی: پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە و بارانبارین دەستپێدەكاتەوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی نیمچەهەور دەبێت، پلەی گەرمی بەگشتی نزیك دەبێتەوە لە تۆماركراوەكانی دوێنێ لە ناوچە شاخاوییەكان نەبێت كە بە (1-2) پلە نزمدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، سبەینێ هەینی26-12 ئاسمان نیمچەهەور دەبێت پاشان بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، لەكاتەكانی شەو نمەباران لەناوچە سنوورییەكانی رۆژهەڵات (پارێزگای هەڵەبجە) دەستپێدەكات لەگەڵ بەفرێكی كەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكاندا، پاشان كاریگەریی دابارین ناوچەكانی سنووری پارێزگای دهۆكیش دەگرێتەوە.
كەشناسی باسی لەوەشكرد، هەروەها بۆ كاتەكانی بەیانیی رۆژی شەممە27-12 ناسەقامگیریی كەش زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە بەجۆرێك پلەی گەرمی بەشێوەیەكی بەرچاو روو لە نزمبوونەوە دەكات لەگەڵ نمەباران لە ناوچە جیاجیا كاندا و بەفرێكی كەم بۆ مام ناوەند لە زۆربەی ناوچە شاخاوییە بەرزەكان و نیمچە بەرزەكان دەبارێت و كاریگەریی ئەم شەپۆلە بەردەوامدەبێت، پلەی گەرمی بە (1- 2 ) پلە بەراورد بە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ نزمدەبێتەوە.